٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە زاخۆ ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی دادەمەزرێن

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info-  لەسەر بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی بۆ ئیدارەی زاخۆ دادەمەزرێن و بەڕێوەبەری تەندروستیی زاخۆش دەڵێت، خزمەتگوزاریی تەندروستی فراوانتر دەکەین.

دکتۆر شاکر عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری تەندروستیی زاخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پلانمان ئامادە کردووە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی، ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کراوە و لە قۆناغی یەکەمدا نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەگوازرێتەوە بۆ نێو نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ تا کاری فراوانکردن و زیادکردنی چەند بەشێکی تێدا جێبەجێ دەکرێت.''

بەڕێوەبەری تەندروستیی زاخۆ دەشڵێت: "دانیشتووانی زاخۆ گلەیی لە هەندێک خزمەتگوزاریی ورد دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەش بڕیار دراوە لەسەر دامەزراندنی ١٠٠ کارمەندی تەندروستی بە هەموو جۆرەکانییەوە".

دکتۆر شاکر ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی سێ نەخۆشخانە و نۆ بنکەی تەندروستی دابین کردووە و پارەکەش خراوەتە سەر ژمارەی بانکیی تەندروستیی زاخۆ، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی زاخۆ دەبێتە گشتی، خزمەتگوزارییەکانیش زیاتر دەبن".

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار