پەرلەمان بۆ KDP: چوارشەممە کۆتا وادەیە.. تا ئێستا ھیچ فڕاکسیۆنێک پڕۆژەی نەبووە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە کۆتا وادەی فڕاکسیۆنەکانە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانە، دەشڵێ، تا ئێستا ھیچ فراکسیۆنێک پڕۆژەی نەبووە.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێمان ڕاگەیاندوون ھەر فراکسیۆنێک داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکات ئەوە پێویستە تا ٣٠ی ئەم مانگە پڕۆژەی ھەبێت و پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات".
سکرتێری پەرلەمان گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ فراکسیۆنێک پڕۆژەی پێشکەش نەکردووە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر تا ٣٠ی ئادار پڕۆژە نەبێت بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کۆمسیۆن خۆی وەڵامی داوەتەوە دوای ١ی نیسان ناتوانێت ئامادەکاری ھەڵبژاردن بکات".
مونا قەھوەچی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "نیەتێکی جدی ھەیە بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، بەڵام ھیچ پڕۆژەیەکیش نەھاتووە بۆ ھەموارەکە، ئێمە فڕاکسیۆنەکانمان سەرپشکردووە، یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە یەک پاکێج بێت یانیش بەجیا، دیارنیە کەی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت".
قائید میرۆ




