٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی: ئەمڕۆ پێشوازیمان لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێم کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە کۆی ١٦ فراکسیۆن ١١ فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی پێشوازیی لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کرد کە وای دەردەخات هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئامادەکارییەکان کراوە تەنیا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ماوە، تاکوو یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێت بۆ ئەوەی لە یەکی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ١ی ١٠ی ٢٠٢٢ی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە و ئێستاش مەرسومی هەڵبژاردنی ناردووە بۆ پەرلەمان، پەیوەست بەمە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت، پێشوازیمان کرد لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وای دەردەخات کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن، بۆیە ئێمە وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەڕەسمی ڕایدەگەیەنین پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراویدا لە ۱ی۱۰ی ۲۰۲۲ بەڕێوە بچن و بە هیچ شێوەیەک پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کار ناهێنین بۆ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کورستان.''

هەر لەو بارەیەوە گوتیشی: ''ئامادەکاری کراوە و مەرسووم دەرچووە و سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ڕاسپاردووە پێداویستییە لۆجستی و دارایییەکان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردن، ئەوەی کە ماوە چارەسەرکردنی گرفتی یاساییی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسییە کە ئەمە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە.''

زانا مەلا خالید گوتیشی: "وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە حەوت کۆبوونەوەی ڕابردوودا دانوستانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە لەسەر ئەساسی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، چون ئەم کۆمسیۆنە لە ساڵی ٢٠١٤ دروست بووە و ئێستاش هەر لەسەر هەمان بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەم کۆمسیۆنە دروست ببێتەوە، بەڵام لەپێناوی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان لە ١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچن، ئێمە لەگەڵ سەرجەرم فراکسیۆنەکانی تر لە پەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەرییەکی ترمان کردووە کە ئەم کۆمسیۆنەی هەیە وەکوو خۆی کارا بکرێتەوە و دواتر ئێمە بتوانین ئەو بۆشاییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو کۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەیەتی، پڕی بکەینەوە.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیی فراکسیۆنەکەمان دەکەین و دەسەڵاتی تەواوی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی پارتیمان هەیە بۆ هەر بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە.''

زانا مەلا خالید ڕایشیگەیاند: ''لە پانێڵەکەدا بۆ سەرۆکی پەرلەمانم ڕاست کردەوە کە زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدا نین کە خەڵکی کوردستان دەزانێت زۆرینەی پەرلەمانی لای کێیە کە ئێستا جەنابی سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی پێ کرد و ڕەنگە حەقی بێت، چونکە ئێمە تاکوو ئێستا زۆرینەی پەرلەمانمان بۆ هیچ بابەتێک لەنێو پەرلەمانی کردستان بەکار نەهێناوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە خەڵکانێک بیانەوێت پەرلەمانی کورستان پەک بخەن وەک ئەم یەک لەسەر سێیەی پەرلەمانی عێڕاق بیانەوێت پەرلەمانی کوردستان و دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان پەک بخەن."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: ''لە کۆی ١٦ فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان ١١ فراکسیۆنمان لەگەڵ ئەوەین یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی بێت و دەستکاری نەکرێت، ٥ فراکسیۆن لەگەڵ ئەوەن لە یاسای هەڵبژاردندا گۆڕانکاریی بکرێت، لەم ٥ فراکسیۆنەی داوای گۆڕانکاری دەکەن تەنیا فراکسیۆنی گۆڕان ساڵێک بەر لە ئێستا پڕۆژەیەکی هەبووە و، تاکوو ئەمڕۆ کە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٢ە، ئێمە چوار ڕۆژمان لەبەردەست ماوە بۆ ئەوەی کۆمسیۆن کارا بکەینەوە تا ١ی ١٠ هەڵبژاردن بکرێت، فراکسیۆنەکانی تر تا ئێستا هەمواری یاسایان وەک پڕۆژەیەک پێشکەش بە پەرلەمان نەکردووە.''

زانا مەلا خالید گوتیشی: ''ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریمان کردووە و لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، فراکسیۆنەکانی تری پەرلەمان لە ٥ کۆبوونەوە داوایان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکرات کرد کە ئەم کۆمسیۆنە وەک خۆی کارا بکرێتەوە، بۆیە ڕایەکەمان قبووڵ کرد کە کۆمسیۆنەکە وەکوو خۆی کارا بکرێتەوە، بەڵام بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە تاکوو دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت، ناتوانین پەرلەمان کارا بکەینەوە، ئەم چوار ڕۆژەی لەبەردەستماندایە پێویستە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانە، بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات و ڕاگەیاندێک بڵاو بکاتەوە و لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕێک بخات و بانگهێشت ئاراستەی پەرلەمانتارانی بەڕێز بکات، دواتر ئەوە ئەرک و دەسەڵاتی سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە کە چ بڕگەیەک بکاتە بەرنامەی کار، لەبەر ئەوەی تا ئەم ساتە دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەنراوە و بانگهێشتنامە بڵاو نەکراوەتەوە، داوا دەکەین لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەم ئەرکە یاسایییەی خۆی جێبەجێ بکات."

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار