زانا مەلا خالید: پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەکاتی خۆیدا و دەشڵێت، 11 فراکسیۆن لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی بمێنێتەوە.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پارتی لەگەڵ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە کاتی خۆیدا کە ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵە و ڕێز لە بڕیاری سەرۆکی هەرێم دەگرین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ درێژکردنەوەی ئەم خۆلەی پەرلەمان بەکار ناهێنێت و داوا لە سەرۆکی پەرلەمانیش دەکەین لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن.''
زانا مەلا خالید ڕوونی کردەوە: "لە کۆی 16 فراکسیۆنی پەرلەمان تەنیا پێنج فراکسیۆن داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن و هیچ پڕۆژەیەکیان نەبووە بۆ هەموارەکە، پارتی پێشنیاری کردووە کۆمسیۆنی ئێستا کارا بکرێتەوە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن، یان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018 کارا بکرێتەوە.''
قائید میرۆ




