جێگری پارێزگاری مووسڵ: پێویستە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ مووسڵ پشکی شێر بەر ناوچە کوردستانییەکان بکەوێت

مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی، لە ماوەی ڕابردوودا گرفت لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردستانییەکان دروست ببوو، بەڵام چارەسەر کراوە و ناوچە کوردستانییەکان ئاوەدان دەکرێنەوە، بەڵام وەکوو پێویست نییە و پێویستە لەو بودجەیەی تەرخان دەکرێت بۆ مووسڵ، پشکی شێر بۆ ناوچە کوردستانییەکان بێت، چونکە زیانی زیاتر بەر ئەو ناوچانە کەوتووە.
ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناری بۆ مووسڵ تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای مووسڵ جێبەجێ بکرێت و لەو بودجەیە ئێمە پشکی ناوچە کوردستانییەکانیشمان داناوە و تەنھا بۆ شنگال ٢٨ ملیار دینارە و بۆ مەخموور و دەشتی نەینەواش بودجە تەرخان کراوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا خەرجکردنی پارەکە گرفتی بۆ دروست بوو و دواتر شاندێکی پارێزگای مووسڵ سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ حکوومەت کێشەکەیان چارەسەر کرد و بڕیارە دەست بە خەرجکردنی پارەکە بکرێت.''
جێگری پارێزگاری مووسڵ ڕوونیشی کردەوە: '' ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێن، زیاتر خزمەتگوزارین، وەکوو ڕێگاوبان و بواری شارەوانی و دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و پڕۆژەی ئاو و کارەبا و پڕۆژەی دیکە.''
ڕەفعەت سمۆ باسی لەوەش کرد: ''بۆ ھەر ناوچەیەک بەپێی ڕێژەی دانیشتووان پڕۆژەی بۆ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام زیاتر زیان بەر ناوچە کوردستانییەکان کەوتووە و پێویست بوو زیاتری بودجەکەش بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بکرێت''.
بڵند ئیبراھیم




