٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە هۆكاری کەمبوونەوەی جووڵەی داعش بۆ KDPی ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ماوەیەکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکان بەراورد بە پێشتر کەمتر بۆتەوە و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، ھەماھەنگی باش ھەیە لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان و کەمبوونەوەی جووڵەی داعش بۆ ئامادەکاری پێشمەرگە دەگەڕێتەوە.

لیوا قارەمان کەمال، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسی داعش ھەر ھەیە و ماوە لە عێراق، بەڵام بێدەنگی چەکدارانی داعش لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ ھەماھەنگی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لە ئێستادا ھەماھەنگی زۆر تۆکمە ھەیە لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان، پێشتر لەڕووی ئۆپەڕاسیۆن کەمتربوو، بەپێچەوانەوە ئێستا ھێزی پێشمەرگە بەردەوام ئۆپەڕاسیۆن و کەمین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش بەڕێوەدەبات، ئەمەش کاریگەری کردووتە سەر جووڵەی داعش".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئامادەکردنی سەنگەرەکان و دابینکردنی پێداویستی وەک دووربینی حەراری و چاککردنی سەنگەرسازی ھەمووی وایکردووە داعش نەتوانێ وەک پێشتر بەو ئاسانیە ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە".

لیوا قارەمان کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدایە بۆ ھەر بەرەنگاربوونەوەیەک و وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆرستانی داعش، چونکە مەترسی داعش ھەر وەک خۆیەتی بۆ سەر پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان، لەبەر ئەوەش تا ھەماھەنگی زیاتر ھەبێت مەترسی داعش کەمتر دەبێتەوە و ناتوانن وەک پێشتر جووڵە بکەن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار