ئاسانکاریهكان وای کردووە ئاڵوگۆری بازرگانی زیادبێت

ھەولێر-KDP.info- بەرێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەھەموو جۆرێک ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت و رێگری لە ھیچ کەسێک ناکرێت ھاتووچۆ بکات و رێکارە تەندروستیەکانیش زۆر ئاسان کراون، ئەمەش وای کردووە رۆژانە لە نێوان ھەرێم و ئێران ٣ ھەزار کەس ھاتووچۆ بکەن.
عەبدوڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران و ئاڵوگۆری بازرگانی دەکرێت، ئەمەش وای کردووە ھاتووچۆی گەشتیاران زۆر بێت و ئاڵوگۆری بازرگانی زیادبێت، چونکە پێشتر مەرجەکان زۆر قورس بوون بەھۆی رێکاری تەندروستی ئێستا تەواوی ئاسانکاری دەکرێت لە تێستی کۆرۆنا و نەبوونی کارتی ڤاکسین، ئەمەش وای کردووە خەڵک زیاتر ھاتووچۆ بکات و ئاڵوگۆری بازرگانیش زیاد بێت، بەجۆرێک رۆژانە ٣ ھەزار کەس ھاتووچۆ دەکات".
بەرێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: "لە ھەرێم و ئێرانیش رێگری لە سەردانی گەشتیاران ناکرێت و ھەرچی پێویست بێت بۆیان دەکرێت و مامەڵەکانیشیان زۆر بەخێرایی ڕایی دەکرێت و ڤیزەش لە ماوەیەکی کەمدا پێیان دەدرێت، بۆیە تا ئێستا لەو ماوە ھیچ حاڵەتی رێگری نەبووە، ئەمەش بە ھاوکاری ھەردوولا، بۆیە ئێستا لە ھەموو خاڵە سنووریەکان ھاتووچۆ ھەیە و ئەوانەی لە ئێرانیش دێن زیاتر لە شارە کوردیەکانن و سەردانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن".
ئاکرەیی وتیشی: "ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە پەیوەندی لە ھەموو ڕوێکەوە لەگەڵ ھەموو وڵاتان خۆش بێت و ئاڵوگۆری بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاری زیاد بکرێت، چونکە ئێستا دۆخەکە زۆر لەبارەو ھاوکاری و پەیوەندی باشیش لە نێوان ھەرێم و وڵاتانی دراوسێ ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




