کار دەکرێت ئاستی بازرگانی بۆ پێش شەڕی داعش بهرز بكرێتهوه

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک ڕایگەیاند، پەیوەندی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر باشە و ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بەھۆی نەمانی شەڕی داعش و کەمبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی بارزگانی بۆ پێش شەڕی داعش زیادبکرێت کە ١٢ ملیار دۆلار بوو.
ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پرۆتۆکۆلی لێکتێگەیشتن لە بواری بازرگانی لەگەڵ تورکیا ھەیە و ساڵانی شەڕی داعش و دواتریش کۆرۆنا وایکرد کە ئاڵوگۆر و قەبارەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و تورکیا کەم بێتەوە، چونکە کاریگەری زۆری لەسەر بازرگانی ھەبوو، بەڵام لە ساڵی ڕابردوو باشتر بوو لە ساڵانی پێشتر کە قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی شەش ملیار دۆلار بوو، بەڵام لەم سێ مانگە جوڵەی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بەھۆی نەمانی شەڕی داعش و کەمبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان لەسەر سنوور، چونکە ئێستا ھەموو ئاسانکاریەکی پێویست بۆ بازرگانان دەکرێت بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەلی پێویست ھەم بۆ ھەرێم و ھەمیش بۆ عێراق".
سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک گوتیشی: "بڕیارە بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆری بازرگانی ھێڵێک لە نێوان ئامەد و ھەولێر بکرێت و ھەماھەنگی زیاتر بکرێت و سەردانی زیاتر ھەبێت لە نێوان ھەردوولا و ھەرچی کێشە و ئاستەنگ ھەیە چارەسەر بکرێت، بۆیە کاری جدی دەکرێت ئاستی بازرگانی بۆ پێش شەڕی داعش بەرزبکرێتەوە کە ١٢ ملیار دۆلار بوو".
بڵند ئیبراھیم




