شاندێکی ھاوبەشی ئەڵمانی و کوردی سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیان کرد

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی ھاوبەشی ئەڵمانی- کوردی، بە ناوی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دیسکی ئەوروپای مەکتەب، بەگەرمی پێشوازییکران، شاندەکە پێکھاتبوو لە ھەریەک لە قەشە بێرنھارد فریکێ، بەرپرسی مەلەفی پەنابەران لە ھەرێمی بەرلین– براندنبۆرگ، ڕۆزا تاشدۆگەن، بەرپرسی کەمپی پەنابەران و کۆمەڵناس لە پۆتردام، ریناتا شۆلتز، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا و جێگری دووەمی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان و مۆرات ئیرەی، ئەندازیاری بواری وزەی تیشکی خۆر، ژیان شێخ سەلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان، سەید ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵە و پەروین محەمەد ئەمین لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران.
شاندەکە بۆ ئاشنابوون بە دۆخی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەھێزتر لەنێوان ھەردوو کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان و توێژینەوە لە دۆخی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان پێکھاتەکانی ئایینی و ئیتنی لە ھەرێمی کوردستان و ھەرواھا لیکۆڵینەوە لە دۆخی مرۆیی ئاوارەکانی کوردانی ئێزیدی و کریستیانەکان و ئەو خەڵکەی بەھۆی شەڕ و مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕوویان لە ھەریمی کوردستان کردووە لە ٢٠١٤وە و، ھێشتاش دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە کە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی پێیشووی خۆیان لە شنگال و دەشتی نەینەوا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد، شاندەکە ھەروا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پیاوانی ئایینی و دامەزراوەکانی زانستی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ھەردوو پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر چەندین دیداریان ئەنجام داوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە فراوانی باسێکی دۆخی سیاسی و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و بەتایبەتیش پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ھاوکات پەیوەندییەکانی ھەرێم لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش لە نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان و میکانیزمی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەھێزتر لە نێوان کۆمەڵگای ئەڵمانیاو ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی ھەردوولا و پرسی ئاوارەکان، ھەروەھا کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی شنگال، دەستێوەردانی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ شنگال و کریستیانەکان بۆ دەشتی نەینەوا، ھەروەھا پرسەکانی ئاساییش و سەقامگیری لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پرسەکانی چاکسازی و گەشەپێدان لە ھەرێم، پرسی ژینگە و کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و ماف و ئازادییەکان و پێشیلکارییەکان بەرامبەر بە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی عێراق و ھەروا کێشە و ناکۆکییەکان لە ھەرێم و لە بەغدا و مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق و لە ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی سیادی و پێکھێنانی کابینەی تازە لە عێراق، ڕۆڵ و پێگەی کورد لە ئێستا و ئایندەی عێراق، ھەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئەزموونی ھەرێم و دەستێوەردان لە دۆخی ئاساییش و سەقامگیری و چەندین بابەتی جێی بایەخ، شیکردنەوەی پێویستیان بۆ ئەندامانی شاندی ھاوبەشی ئەڵمانی– کوردی خستەڕوو.
بە مەبەستی ھاوکاری و گەشەپێدان و خستنەڕووی ئەزموونی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان دەزگاکەیان بە نیازن لە ئایندەدا بە سازکردنی کۆنفرانس و سیمینار و ۆرکشۆپ و خوڵی تواناسازی و کردنەوەی ئۆفیسێکی کۆمەڵەکەیان لە پایتەختی ھەرێم بۆ ھاوکاریکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان و فراوانکردنی پەیوەندی کوردی- ئەڵمانی لە چەندین بواردا بەشێکی چاڵاکییەکانیان لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵەوە بگوازنەوە بۆ ھەریمی کوردستان.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندەکە و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان، پشتیوانی خۆی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەو پرسانەی کە خزمەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان دەکات خستەڕوو، ھیوایان خواست کوردستانیانی دیاسپۆرا و دەزگا و دامەزراوەکانیان پسپۆری خۆیان بخەنە خزمەتی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان.




