مەتبەخی سیاسی و تەبباخەكانی

ئازا حەسیب قەرەداخی
لینكی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەكوو دوو حزبی حوكمڕان لەلایەك، لەگەڵ سێ حزبی ئۆپۆزسیۆندا لەلایەكەی دیكە، لەپێناوی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی بەردەوام گەرم و گوڕە و سارد نەبۆتەوە. جگە لە دیمانە و كۆبونەوەی هاوبەش، نامە گۆڕینەوەیش لە ئارادایە.
تا رادەیەكی زۆر
بەو پێیەی ئەم دوو جەمسەرەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا لە زۆر پرسی چارەنووسسازدا كۆكن، ئەوا كەسایەتییەكی دیاری ناو پارتی كە (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتییە، پێی وایە (نێوماڵی كوردستانی تا رادەیەكی زۆر رێكخراوەتەوە).
(تا رادەیەكی زۆر) ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی بەتەواوی چێ نەبووە، بۆیە هێشتا بابەتێكی گەرمی پرۆسەی سیاسی هەرێمە و ئیشی هەمەلایەنەی لەسەر دەكرێ. پارتی و یەكێتی رایانگەیاندووە لەم بارەیەوە درێغی لە هیچ هەنگاوێكی پێویست ناكەن.
(فازلأ میرانی) لە دیمانەیەكی كەناڵی (سپێدە) كەناڵی (یەكگرتووی ئیسلامی)ـدا لەم بارەیەوە وتوویەتی: (ئەگەرچی مەرج نییە هەموو كۆبوونەوەیەك ئەنجامی خێرای هەبێ بەڵام خودی دانیشتنەكان ئەنجامێكی گرنگن و بۆچوونەكانی خۆیان و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاكسازین).
كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی یان فراوانتر
پرۆسەی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی دۆخی جۆراوجۆری لێكگرێدراوی بڕیوە. پاشی ماوەیەكی درێژ لە ساردی و سڕی، ئۆپۆزسیۆن داوای كرد كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان كارا بكرێنەوە. دوو حزبە حوكمڕانەكە وتیان كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ناكەین. بەڵكو كۆبوونەوەی فراوانی كوردستانی، سیاسی و نەتەوەیی دەكەین. پاساویان بۆ ئەمە ئەوە بوو كە ئەگەر دابەشكردنی ژیانی سیاسی لەسەر بناغەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بێ، ئەوا جگە لە پارتی و یەكێتی چەند حزبی دیكەیش بەشدارن لە حكومەتی هەرێمدا.
خۆ ئەگەر دابەشكردنەكە پەرلەمانی بێ، ئەوا لە پەرلەماندا جگە لە خۆیان و سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكە ژمارەیەك حزبی دیكەیش خودان كورسین لە پەرلەماندا.
ئەگەر دابەشكردنەكە نیشتمانیی كوردستانیی بێ ئەوا جگە لە كورد، لەم نیشتمانەدا توركمان و ئاشووری و كلدان و ئەرمەن هەن و لە پەرلەمانیشدا كورسیان هەیە و لە حكومەتیشدا وەزیریان هەیە. لە ژیانی سیاسیدا هەم رۆڵیان هەیە هەم ماف.
یان ئەگەر دابەشكردن بێ لەسەر بناغەی ئایینی و ئایینزایی، ئەوا ئەم هەرێمەمان هەرێمی فرە ئایینی و ئایینزاییە و چارەنووسی هەموویشیان بە چارەنووسی باری سیاسییەوە بەندە.
بۆیە بەشداری كردنی فراوان، فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی سازان و قبوڵی جەماوەریی فراوانتر دەكات. بەوەیش دەرفەتەكانی سەركەوتن زیاتر و بنەماكانیشی چەسپاوتر دەكات.
سێ بژاردە
پاشی كۆبووەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و راسپاردنی (نێچیرڤان بارزانی) و (دكتور بەرهەم ئەحمەد ساڵح) كە ئەم دۆسێیە بەڕێوە ببەن، سێ بژاردەیان خستە بەردەم ئۆپۆزسیۆن، 1- پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان، 2- سازانی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەژێر سەقفی پەرلەماندا، یان 3- پرۆسەی سیاسی وەكوو خۆی بمێنێ تا وادەی هەڵبژاردنی داهاتوو.
ئۆپۆزسیۆن وتی بەشداری حكومەتی بنكە فراوان ناكات. بژاردەی دووەمی پێ باش بوو، بەڵام هاوكات داوای كرد مەتبەخێكی بچووككراوە دروست بكرێ بۆ یەكلاییكردنەوەی هەر ناكۆكی و كێشەیەك كە بۆ وتووێژەكان بێنە ئاراوە. دوو حزبە حوكمڕانەكە دروستكردنی ئەو مەتبەخەیان رەتنەكردەوە، بەڵام لەسەر تەبباخەكان تێبینییان هەیە.
تەبباخەكان
ئۆپۆزسیۆن وەهای دەوێ كە تەبباخەكانی ناو مەتبەخەكە دوو حزبە حوكمڕانەكە و سێ لایەنەكەی خۆیان بن. پارتی و یەكێتیش دەڵێن كە سازانەكە لە نێوانی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە كەواتە با تەبباخەكانیش ئەو حزبانە بن كە سەرۆك فراكسیۆنەكان نوێنەرایەتیان دەكەن.
هەروەها ئەم مەتبەخە سیاسییە بۆ دانانی نەخشەڕێی چاكسازی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی پڕكێشییە عێراق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانە، كەواتە باشتر وایە حزبی دیكەیش و نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەییەكانی هەرێمیش تێیدا ببنە تەبباخ یان لانی كەم حەكەم بن لە نێوانمان.
مەتبەخێك لە پشتی پەردەوە
ئەم پرسە هەر لەوەی پێشووی فراوانكردنی پێكهاتەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان دەچێ.
سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان خودان ئەو دەسەڵاتە سیاسییە نین كە خۆیان بسازێن و بڕیار بدەن. ئەمەیش كێماسی نییە بۆیان. بەڵكو ئەوان نوێنەرایەتی حزبی سیاسی دەكەن. بۆیە بۆ هەر پرس و سازانێ دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ناوەندی بڕیار لە حزبەكانیان. ئەگەر حزبەكانیان بسازێن ئەوا ئەوانیش لەناو پەرلەماندا دەسازێن.
هەمیشە حزبەكان لە پشتی پەردەوەی پەرلەمان هەن. پارتی و یەكێتی لە پشتی پەردەی كوردستانییەوە هەماهەنگی دەكەن و ئۆپۆزسیۆنیش جیا لەوان لە پشتی پەردەی ئەوانەی خۆیانەوە هەماهەنگی دەكەن.
ئۆپۆزسیۆن دواجار ئەم راستییەی سەلماندووە. بەڵام داوا دەكات خۆیان و دوو حزبە حوكمڕانەكە لە پشتی پەردەی كۆبوونەوەكانی سەرۆك فراكسیۆنەكانەوە مەتبەخێكی بچووككراوە دروست بكەن و لەوێ بسازێن.
حزبە حوكمڕانەكانیش دەڵێن جگە لە فراكسیۆنی كوردستانی و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن چەند فراكسیۆنێكی دیكەیش لە پەرلەماندا هەن و سەرۆكەكانی ئەوانیش بەشدار دەبن لە كۆبوونەوەكانی سازانی نیشتمانیدا لەژێر سەقفی پەرلەماندا، كەواتە با حزبەكانیشیان لە مەتبەخەكەی پشتی پەردەی پەرلەمانەوە بەشدار بن.
گۆشەیەكی تەسك لەناو مەتبەخەكەدا
حزبە حوكمڕانەكان ئۆپۆزسیۆنیان خستۆتە گۆشەیەكی تەسكی مەتبەخەكەوە كە دەبێت بیروڕای راشكاوانەی خۆیان لەبارەی حزبی دیكەی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەییەكانەوە راگەیەنن كە ئایا بە بارتەقای ئەوەیان دەزانن كە بەشداریان بن لەو مەتبەخەدا یان نەخێر.
وەڵامی بەڵێ چارەسەرە. وەلێ وەڵامی نەخێر نیشانەی ئەوەیە كە ئەم سێ حزبەی ئۆپۆزسیۆن بوغرا بوونە و غەیری خۆیان كەسی دیكە ناخوێننەوە. بەمەیش ئەو قسەیەیان كە هەمیشە پارتی و یەكێتی پێ تاوانبار دەكەن كە گوایە دەسەڵاتیان قۆرخ كردووە، بەسەر خۆیاندا دەشكێتەوە و ئەوان دەبنە قۆرخكاری دانوستانی چاكسازی و سازان لەبارەی پرسە نیشتمانییەكانەوە.
ئومێد هەیە
یەكێك لەو دەستكەوتە گرنگانەی هەمیشە دامەزراوە سەروەرییەكانی هەرێم شانازی پێوە دەكەن ئەوەیە كە (نەهێڵراوە ئەجندای دەرەكی لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا بێتە جێبەجێ كردن).
لەبارەی نێوماڵی كوردستانیشەوە كەم نین ئەو هەوڵ تەقەلا دەرەكیانەی دراون بۆ ئەوەی درز بخرێتە نێو یەكڕیزیی كوردستانییەوە. بەڵام پەرۆشی نیشتمانیی بۆ پاراستنی ئەزموونی حوكمڕانی خۆیی و دەستكەوتەكان و پێشخستنیان و قبوڵكردنی یەكتر بە جیاوازییەكانەوە، نەیهێشتووە ئەو تەقەلایانە سەركەون.
لەمەدا جگە لە دوو جەمسەرە دیارەكە، هەموو هێزە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانیش رۆڵی كاریگەریان هەبووە. بۆیە ئومێد زۆرە كە مادەم پرسی دروستكردنی مەتبەخەكە چێ بووە، پرسی تەبباخەكانیش نابێتە گرێ كوێرەو چارەسەر دەكرێ و پرۆسەی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی لە تەواوبوون نزیكتر دەكرێتەوە.




