چۆن نێچیرڤان بارزانی هاته سه‌رخه‌ت.. سه‌فین دزه‌یی باس له نه‌ورۆز و هەڕەشە‌كانی داخستنی نوێنه‌رایه‌تیی پارتی لە ساڵی 2000 ده‌كات

هەولێر -KDP.info- له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز کۆمەڵێك ڕووداوی گرنگ بیری خه‌ڵكی كوردستان ده‌هێنرێته‌وه كه ده‌ربڕی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان و به‌هێزبوونی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه، له‌و ڕۆژه‌دا ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس له کۆمەڵێك یاده‌وه‌ری ده‌كات كه نوێنه‌رایه‌تیی پارتی كاتی خۆی له ئه‌نقه‌ره وه‌ك لێكه‌وته‌ی سیاسی تووشی بوو، به‌شێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی به پرسی به‌رزڕاگرتنی یاده‌كانی ڕۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆژی ئاڵاوه هه‌یه.
نه‌ورۆزی ساڵی 2000 له ئه‌نقه‌ره
بەڕێز سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی ئه‌و بانگهێشتنامه‌ی كاتی خۆی له ساڵی 2000 له ئه‌نقه‌ره بۆ سه‌فیر و نێرده دیپلۆماسییه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسانیان نارد به مه‌به‌ستی یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی نه‌ورۆز له یه‌كێك له هۆتێله‌كانی ئه‌نقه‌ره بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''له ساڵی 1992 تا 2003 به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی پارتی بووم له توركیا، ئه‌وكات بارودۆخی سیاسیی توركیا جیاواز بوو، له نه‌وه‌ده‌كان به‌تایبه‌ت له شاره كوردییه‌كان وه‌ك سلۆپی، جه‌زیره، دیاربه‌كر و... هتد به‌گشتی هه‌وڵ ده‌درا یادی نه‌ورۆز بكرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی توركیاوه گرژی له‌سه‌ر یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه دروست ده‌بوو و هه‌ندێك جار كار ده‌گه‌یشته پێكدادان، له ساڵی 2000 كه له ئه‌نقه‌ره‌بووم ته‌ماشای بارودۆخه‌كه‌مان كرد كه ده‌مانبینی هه‌موو سه‌فاره‌ته‌كان و نێرده دیپلۆماسییه‌كانی جیهان له توركیا یادی ڕۆژی نیشتمانی‌یان ده‌كرده‌وه، ئێمه‌ش بانگهێشت ده‌كراین، بیرۆكه‌مان بۆ دروست بوو كه وه‌ك وڵاتانی جیهان ئێمه‌ش ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییی خۆمان بكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش نه‌ورۆز بوو، بۆیه بیرۆكه‌كانمان گه‌ڵاڵه كرد و ده‌ستمان كرد به ئاماده‌كاری بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه له یه‌كێك له هۆتێله گه‌وره‌كانی ئه‌نقه‌ره، ئه‌وه بوو بانگهێشتی دیپلۆماتكار و سه‌فیر و ڕۆژنامه‌نووس و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانمان كرد، به‌شێكیان بیانی و به‌شێكیان كورد و تورك و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش بانگهێشتنامه‌مان بۆ ناردن".
سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه نزیكه‌ی 400 كه‌س ئاماده‌بوون له‌و یاده‌دا و چه‌ند وه‌زیرێكی حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌شدار بوون، له‌وانه شه‌فیق قه‌زاز و حسێن سنجاری و نه‌سرین به‌رواری و نازه‌نین وسوو و فه‌لاح مسته‌فا، ئاهه‌نگێكی خنجیله بوو، هه‌موومان به جلی كوردی و مۆسیقای كوردی و ده‌سته‌نێرگزێك كه ده‌ربڕی ئه‌و ڕۆژه بوو توانرا یاده‌كه بكرێته‌وه، ڕۆژی دواتر نه‌ژادپه‌رستانی توركیا ئه‌مه‌یان قۆسته‌وه و فشارێكی زۆریان خسته سه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و وه‌زیری ناوخۆ كه چۆن ڕێگایان داوه كورد له پایته‌ختی تورکیا به‌و شێوه فه‌رمییه ئه‌و یاده بكرێته‌وه و هه‌موو سه‌فاره‌ته‌كان بانگ بكه‌ن و وایان لێك دایه‌وه ڕه‌فتاری نوێنه‌رایه‌تیی پارتی وه‌ك ده‌وڵه‌تێك بووه، هه‌ربۆیه داوایان كرد نوێنه‌رایه‌تیی پارتی له ئه‌نقه‌ره دابخرێت و نوێنه‌ره‌كه‌ش له توركیا ده‌ربكرێت، ئیتر بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ ئه‌و یاده‌مان بووه مانشێتی ڕۆژنامه‌كان، گرژییه‌كی زۆر دروست بوو، دواتر دوای سه‌ردانی به‌رێز كاك نێچیرڤان بارزانی وه‌ك شاندی پارتی به‌ره‌و ئه‌ورووپا ده‌چوون له ئه‌نقه‌ره چه‌ند دیدارێكی فه‌رمییان هه‌بوو، له‌وێ به ڕاشكاوانه به كاربه‌ده‌ستانی توركیایان گوت كه ئه‌گه‌ر بێت و نوێنه‌رایه‌تیی پارتی دابخرێت، زیان له په‌یوه‌ندیی دوولایه‌ن ده‌دات، بۆیه به شێوه‌یه‌كی دیپلۆماسی ئه‌و گرژییه چاره‌سه‌ر كرا و نوێنه‌رایه‌تیی پارتی به‌رده‌وام بوو له كاره‌كانی خۆی. ده‌رئه‌نجام ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ری نه‌گرت و ئێمه به‌رده‌وام بووین له‌سه‌ر كاره‌كانی خۆمان، ساڵی دواتر ئیتر به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له توركیا یاده‌كه كرایه‌وه و ئه‌و ترس و ته‌وقه‌ش شكێنرا و هیوادارین بۆ ئه‌مساڵیش ئه‌م یاده به مه‌به‌ستی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان دوورله توندوتیژی بكرێته‌وه

ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر چیای سه‌فین
له‌باره‌ی یادكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر چیای سه‌فین، سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت: چیای سه‌فین چیایه‌كی سه‌ركه‌شه، حه‌شارگه‌ی پێشمه‌رگه بووه و له شۆڕشه‌كانی كوردستان په‌ناگه بووه، باوكم (موحسین دزه‌یی) كه پێشمه‌رگه بووه له شۆڕشی ئه‌یلوول له‌و ناوچانه بووه. چیای سه‌فین بۆ پێشمه‌رگه و هه‌ولێر و خه‌باتی كوردان مانابه‌خشه، هه‌ربۆیه له 1ی شوباتی ساڵی 2004 كاتێك ئه‌و كرده تیرۆریستییه ڕووی دا له‌به‌رده‌م لقی 2ی پارتی و مه‌ڵبه‌ندی 3ی یه‌كێتی كه زیاتر له 100 كه‌س له سه‌ركرده و پێشمه‌رگه و هاووڵاتیی سڤیل شه‌هید بوون، بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه، له‌سه‌ر چیای سه‌فین ئاڵای كوردستان‌مان به‌رز كرده‌وه و له‌و ڕووه‌وه دوای ساڵی 2004 هه‌موو ساڵێك خه‌باتی پێشمه‌رگه‌مان له چیای سه‌فین به‌رز نرخاند، ته‌نیا ئه‌م دوو ساڵه نه‌بێت كه بابه‌تی كۆرۆنا هاته ئاراوه.
به‌رزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا و بڕیاری په‌روه‌رده
ئه‌و كاته‌ی كه سه‌فین دزه‌یی، وه‌زیری په‌روه‌رده بوو کۆمەڵێك بڕیاری گرنگ دران له‌سه‌ر بابه‌تی به‌رزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كه ئه‌وكات وه‌زیری په‌روه‌رده بووه باس له‌وه ده‌كات كه له 17ی 12 په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی ئاڵای دیاری كرد كه به ڕۆژی ئاڵا ناسراوه، به‌ڵام له ساڵانی ڕابردوو هیچ جۆره ئاهه‌نگێكی فه‌رمی و فراوان ئه‌نجام نه‌دراوه، له 2009 تا 2012 كه وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بووم، ئه‌و بیرۆكه‌مان لادروست بوو كه جگه له‌و ڕۆژه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه، پێویست بوو به ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵ ئه‌و ڕۆژه به‌رز ڕابگیرێت، ئه‌وه بوو به گشتاندنێكی فه‌رمی هه‌موو ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده و قوتابخانه‌كانمان ئاگادار كرده‌وه كه ئه‌و ڕۆژه وه‌ك فێستیڤاڵ و چالاكی به‌رز ڕاگرن و دواتر له هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی حكوومی ئه‌و یاده به‌رز ڕاگیرا، خۆشبه‌خانه تا ئه‌مڕۆش له سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌و یاده ده‌كرێته‌وه و ڕێز له ئاڵا ده‌گیرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) سیاسه‌تێكی په‌یڕه‌وی كردو‌وه، ئه‌ویش سووتاندنی ئاڵای كوردستان و سووكایه‌تیكردن به ئاڵا به ئامانجی سیاسی باشترین به‌ڵگه‌ش بینیمان چۆن له ڕۆژئاوای كوردستان سووكایه‌تییان به‌وانه كرد كه ئاڵای كوردستانیان به‌رز كرده‌وه و ئاڵای كوردستانیان سووتاند، ئاڵا سیمبولی كوردستانه، ئاڵا هه‌میشه شه‌كاوه ده‌بێت و تاجی سه‌ری هه‌موو گه‌لی كوردستانه، شانازییه كه ئێمه توانیمان ئه‌و یاده بكه‌ینه‌وه.

جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه
هه‌ر له‌باره‌ی جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌ییی گه‌لی كوردستانه‌وه، سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو: ''له ساڵی 2009 تا ساڵی 2012 كه وه‌زیری په‌روه‌رده بووم، چه‌ند هه‌نگاوێكم نا بۆ بابه‌تی جلی كوردی. چونكه به‌هۆی كرانه‌وه‌ی كوردستان به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه کۆمەڵێك دابونه‌ریتی بیانی ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردو‌وه، شتێكی ئاساییشه كۆمه‌ڵگای كوردستان و جیهان تێكه‌ڵ به یه‌كتری بن، به‌ڵام ناكرێت دابونه‌ریتی خۆمان ون بكه‌ین و گرنگه سوود له ئه‌زموون و دابونه‌ریتی گه‌لانی دیكه‌ش وه‌ربگرن، بۆیه به گرنگمان زانی ڕۆژی جلی كوردی به‌رز ڕابگیرێت و ڕێزی لێ بگیرێت، چونكه ئه‌مه به‌شێكی گرنگه له پێناسه‌ی گه‌لی كوردستان و پێكهاته‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌میشه له‌ژێر هەڕەشە و گوشاردا بوون، هه‌وڵ دراوه پێناسه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌زۆر بسڕنه‌وه، به‌شێكی زۆری دێهاته‌كانیان وێران كرد و هه‌وڵی زۆر درا فه‌رهه‌نگی كوردی له‌ناو ببرێت.''
سه‌فین دزه‌یی ده‌شڵێت: ''ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو، به‌باش زانرا كه ڕۆژێك بۆ به‌رزڕاگرتنی جلی نه‌ته‌وه‌یی كورد دابنرێت، بۆیه له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌و بڕیاره‌مان دا كه له سه‌رجه‌م ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان و قوتابخانه‌كان ڕۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا كورد به‌ڵكوو پێكهاته‌كانی دیكه‌ش وه‌ك ئاسووری و توركمان و كلدان و ئه‌رمه‌نی و عه‌ره‌ب به یه‌كه‌وه ده‌ربڕی جلی نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌ر له جه‌ژنی نه‌ورۆز ( لە ڕۆژی 11ی 3 تا 24ی 3 پشووی نه‌ورۆزه) واته 10ی 3ی هه‌موو ساڵێك بكرێته ڕۆژی جلی نه‌ته‌وه‌یی، له سه‌ره‌تا ته‌نیا له دامه‌زاروه‌كانی په‌روه‌رده بوو، دواتر له سه‌رجه‌م دامه‌زاروه‌كانی حكوومه‌ت بووه نه‌ریتێك، خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ له سه‌رتاسه‌ری كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش خه‌ڵك جلی نه‌ته‌وه‌یی ده‌پۆشێت و ئه‌و ڕۆژه به‌رز ڕاده‌گرن، ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بوو كه ئه‌وه‌ی چه‌سپاند.''
قوتابخانه‌ی ئەربیل ئوولا
له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئەربیل ئوولا به مۆزه‌خانه‌یه‌كی گرنگ، سه‌فین دزه‌یی گوتی: ''هه‌ر ئه‌وكات كه وه‌زیری په‌روه‌رده بووم بیرۆكه‌یه‌كم لا دروست بوو، ئه‌ویش به‌مۆزه‌خانه‌كردنی قوتابخانه‌ی ئەربیل ئوولا بوو كه دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له بیسته‌كان یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی فه‌رمی كه له هه‌ولێر كرایه‌وه ئه‌و قوتابخانەیە بوو، ئه‌وكات بینایه‌كی سه‌رده‌میانه‌ی بۆ كرابوو، له ساڵانی دیكه كه شار گه‌وره بوو ئه‌و قوتابخانه‌یه كه‌وته ناو سه‌نته‌ره‌وه و بیناكه‌ی له‌ژێر مه‌ترسیی داڕووخان بوو، چونكه وه‌ك قوتابخانه به‌كار نه‌ده‌هات، وه‌ك دائیره‌ی پۆلیس له‌ناو شار له‌سه‌ر موڵكیه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بوو. كاتێك سه‌ردانی مه‌یدانیی قوتابخانه‌كانم كرد، سه‌ردانی (قوتابخانه‌ی كوردستان)م كرد له‌وێ كۆمه‌ڵێك ده‌فته‌ر و تۆماری بێ‌ناز هه‌بوون، دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچونمان كرد ده‌ركه‌وت ئه‌و فایلانه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ساڵانی بیسته‌كان و سییه‌كان و چله‌كان، بۆیه سه‌رجه‌ممان كۆ كردنه‌وه له‌گه‌ڵ (ئیسماعیل به‌رزنجی) كه بەڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت بوو، بڕیار دراوه به كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌ی (ئه‌ربیل الاولی) كه ئه‌وكات بیناكه‌ی له‌سه‌ر موڵكیه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بوو، ئه‌و كاته شوڕته‌ی لێ بوو، خۆشبه‌خانه كاك كه‌ریم سنجاری ئه‌و كاته وه‌زیری ناوخۆ بوو، بڕیاری دا موڵكیه‌تی بیناكه بخرێته سه‌ر وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به هاوكاریی به‌رێز نه‌وزاد هادی، پارێزگاری پێشووی هه‌ولێر و كاك تاهیر عه‌بدوڵا و خوالێخۆش بوو شێخ عه‌زیز به‌رزنجی و كۆمه‌ڵێك بەڕێزی تر له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا توانرا بودجه‌ی پێویست بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌رخان بكرێت.''
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: داواشمان كرد كۆمه‌ڵێك كه‌س كه باوباپیرانیان له‌وێ مامۆستا، یان قوتابی بوون كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت و وێنەكانی خۆیان بهێننه قوتابخانه‌كه به‌و هۆیه‌وه ئه‌وانه‌ی له ماڵه‌وه ئه‌رشیڤیان هه‌بوو ڕوویان كرده مۆزه‌خانه‌كه و توانییان كه‌لوپه‌لی تایبه‌تی خۆیان بده‌نه ئه‌و ناوه‌نده و ئێستا بووه‌ته ناوه‌ندی ئه‌رشیڤی په‌روه‌رده‌یی و ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌رشیڤی تایبه‌تیان هه‌یه ده‌توانن بهێنن له‌وێ پارێزراو ده‌بێت و تا خه‌ڵكی بیانی و خه‌ڵكی خۆمان سه‌ردانی بكه‌ن، بزانن شێوازی خوێندن پێش 100 ساڵ چۆن بووه و ئه‌و قوتابخانەیە چۆن خه‌ڵكی پێگه‌یاندووه.''
سه‌فین دزه‌یی باس له‌وه‌ش ده‌كات كه ''داواكارین له هه‌موو گه‌نجان و قوتابییان كه ڕێز له به‌هاكانی گه‌له‌كه‌مان و پیرۆزییه‌كانی نیشتمان بگرن ئه‌مه ده‌رفه‌ته بتوانین له‌رووی كولتووری و ئه‌ده‌بی و زمانی كوردییه‌وه به‌رز ڕابگرین و بیانپارێزین و ئه‌رشیڤی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بپارێزین و ده‌ستخۆشی له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی حكوومه‌ت و ده‌ستخۆشی له وه‌زیری په‌روه‌رده كاك ئالان حه‌مه سه‌عید كه بڕیاری داوه له سه‌رجه‌م قوتابخانه حكوومی و ناحكوومییه‌كان زمانی كوردی بایه‌خی زیاتری پێ بدرێت و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه كوردستان بپارێزین و له بواری جیاواز په‌ره‌ی پێ بدرێت، ئه‌ركی سه‌ره‌كیی حكوومه‌ته له زۆر بوار خزمه‌ت بكات و پارێزگاری بكات له خه‌ڵك و وڵات، به‌ڵام ئه‌ركی خه‌ڵكیشه كه خۆیان پارێزگاری له وڵات و له كولتوور و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی وڵاته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن.''
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




