٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشبینیی کەشوھەوا بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز ئاسمان نیمچەھەور بێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش باران و بەفر ببارێت.

بەپێی  پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەی  وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەوانە کراوە: ''کەشوھەوای ڕۆژانی نەورۆز بە گوێرەی ئەو پێشبینیانەی ئێستا ھەیە بۆ سەر ناوچەکەمان، کەشی ڕۆژانی نەورۆز بەم شێوەیە دەبێت و لە کاتی دروستنەبوونی گۆڕانکاری لەسەر کەشی ناوچەکەمان پێشبینیمان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت، یەکەم ڕۆژی نەورۆز، ئاسمان بەگشتی نیمچەھەورە و تەنھا لەسەر ناوچە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفر و نمەباران ھەیە، لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران لەسەر شێوەی نمەبارانی کورتخایەن دەبێت. پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن، بەرزترین پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات بە نزیکەی ( ٤-٦) پلەی سیلیزی، خێراییی با لەسەر خۆیە و مەودای بینین ٩ کم دەبێت بەگشتی.''

بەپێی ھەمان پێشبینی، دووەم ڕۆژی نەورۆز ئاسمان بەگشتی ھەورو نیمچەھەور دەبێت، پلەکانی گەرما زیاتر ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، کاریگەریی ئەو باڕستە ھەوا ساردەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردبوو لاواز دەبێت، ئەگەری نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ھەیە، بەتایبەت لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر ھەندێ کات بڕی باران مامناوەند دەبێت و سەنتەری پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئەگەرێکی کەمی نمەبارانی کورتخایەن ھەیە لە کاتەکانی نیوەڕۆ. پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بەردەوام ئاسمانی نیمچەھەور دەبێت، تەنھا ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دوو پاریزگایە ئەگەری نمەبارانی ھەیە .

ئەوەش خراوەتە ڕوو، سێیەم ڕۆژی نەورۆز ئاسمان بەردەوام نیمچەھەور دەبێت بە ھەمان شێوەی ڕۆژانی پێشووتر پلەکانی گەرما کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات ئەگەری زیادبوونی خێرای با ھەیە لە تەواوی ناوچەکەمان ھەندێ کات دەگاتە سەرووی ٢٠ کم لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، ئەو تۆزوخۆڵە لەگەڵ نمەباران تێکەڵ دەبێت لەسەر بەشێک لە ناوچەکان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان .

لە کۆتاییدا ھاتووە،  لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەی نەورۆزدا لە کاتی باران لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری ھەورەتریشقە ھەیە و لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوو لە گۆڕانکاری نوێ ئاگادارتان دەکەینەوە .

 

بڵند ئیبراھیم

 


 

هەواڵی پەیوەندیدار