پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھەردووک ڕێگا ڕازییە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھەموو پێشنیارەکان ڕازیە لەبارەی کۆمسیۆن، ئینجا کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە یاخود کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت، ئەمەش لەپێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام ھەندێک لایەن بەربەست دروست دەکەن و ئەگەر تا سەرەتای مانگی داھاتوو ئەو پرسە یەکلایی نەکرێتەوە ئەنجامدانی ھەلبژاردن ئەستەم دەبێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتووگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوام دەکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی کۆمسیۆن بگەنە ڕێککەوتن و لە دواین کۆبوونەوەش نەگەیشتنە ڕێککەوتن و پارتیش ھەموو ئامادەیەکی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ھەر چۆنێک بێت کۆمسیۆن کێشەکەی یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت،چونکە پێشتر باس لەوە دەکرا کە کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و بۆشاییەکانیش پڕبکرێنەوە، کە ئەو ئەندامانەی نەماون کەسانی دیکە لەشوێنیان دابنرێت پارتی بەوەش ڕازی بووە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ھەرجارێک بەربەستێک دروست دەکرێت و نیەتێکی جدی نیە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن".
خەدیجە عومەر، کە ھاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەردە گوتیشی: "پارتی بەھەموو پێشنیارەکان ڕازی بووە لەپێناو کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و کۆمسیۆن خۆشی دووجار نوسراوی بۆ پەرلەمان کردووە کە کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت یاخود ئەوەی ئێستا کارا بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر تا ١ی٤ کێشەی کۆمسیۆن یەکلایی نەکرێتەوە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەستەم دەبێت، ھەرووھا کات دەڕوات و گرینگە لەم مانگە یەکلایی بکرێتەوە".
عومەر ڕوونیشی کردەوە: "ئەوانەی ئاستەنگ دروست دەکەن و ئامادەی ڕێککەوتن نین، ئەوانەن کە دۆخی ناوخۆیان باش نیەو لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی کەمیان ھێناوە، ئەگەرنا کێشەکە وا گەورە نیە نەتواندرێت کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە، چونکە خۆی دوو ڕێگا ھەیە یان کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە یاخود کۆمسیۆنێکی نوێ دروست بکرێت و پارتیش بە ھەردووکی ڕازییە".
بڵند ئیبراھیم




