ئاری ئەحمەد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر ٥٨٥ ملیۆن دینار بۆ ئێمە داوە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ کڕینی کەلوپەل بەگوژمەی ٥٨٥ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی ئاوی ئێفراز یەک و دوو و سێ .
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە بۆ خەرجکردنی ٥٨٥ ملیۆن دینار بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک و دوو و سێ و ڕەزامەندییەکە لە ئەنجومەنی وەزیران دراوە و تەنھا ماوە وەزارەتی دارایی بۆمان خەرج بکات.''
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''بەو پارەیە دەتوانین کێشە و گرفتەکانی ئەو سێ پڕۆژەیەی ئاوی ھەولێر چارەسەر بکەین و سوودێکی زۆری بۆ ئێمە دەبێت، چونکە پێویستیان بە کەلوپەل ھەیە و حکوومەتیش ڕەزامەندیی داوە ئەو کەلوپەلانە بکڕین .
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''فەرمانگەکانیش لەڕێگەی پارێزگاکانەوە داوای بودجەیان کردووە بۆ لێدانی بیر و کۆگاکان و کڕینی کەلوپەل بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن بۆ وەرزی ھاوین و لە ھەر شوێنێکیش کێشەی بیرلێدان ھەبێت بۆیان لێدەدرێت و کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت، بۆیە بەردەوام لە خەتین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە ھەر شوێنێک ھەبێت و حکوومەتیش ھاوکارییەکی باشی ئێمە دەکات.''
بڵند ئیبراھیم




