پارێزگاری ھەڵەبجە بۆ KDP: یادێکی شکۆمەندانە بۆ کەسوکاری شەھیدان دەکەینەوە

ھەڵەبجە-KDP.info- دوو ڕێوڕەسمی یادی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە لەلایەن کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران و وەزارەتی شەھیدان بەڕێوەدەچێت، چەندین چالاکی جۆراوجۆریش بەم بۆنەیەوە لەلایەن ڕێکخراوەکان و زانکۆی ھەڵەبجەوە ئەنجام دەدرێن.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یادێکی شکۆمەندانە بۆ کەسوکاری شەھیدان و منداڵانی ونبوو برینداران و ئەو کەسانەی بەنەھامەتی ڕزگاربوون دەکەینەوە، ڕۆژی ١٦ی٣ ڕۆژێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی و کوردا".
پارێزگاری ھەڵەبجە گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ بە فەرمیی بانگھێشت نامەمان نەناردووە بۆ کەس، پێشوازی لە ھەر کۆنسوڵگەری و وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسان و کەسایەتی کوردستانی و نێودەوڵەتیش دەکەین كه ھاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری شەھیدان دەردەبڕێت و تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەھیدان دادەنێت".
ھەر لەمبارەشەوە، کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شەھیدانی ھەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "لە سەعات ٨ی بەیانییەوە لەسەر مەزاری شەھیدانی ھەڵەبجە دەبین و لە کاتژمێر ١٠ بەرنامەکان دەست پێدەکات، چەند وتارێکی تێدا دەخوێندرێتەوە پاشان دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەھیدان، لەگەڵ موزیکی لاوانەوە و وەستان بۆ گیانی شەھیدان کاتژمێر ١١:٣٥ خولەک".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەرنامەکانی یادەکە تاکو کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لەسەر مەزاری شەھیدان بەردەوام دەبێت، لە مۆنەمێنتی ھەڵەبجە دوو پێشانگا دەکرێتەوە، تاوەکو سەعات دووی پاش نیوەڕۆ دەخایەنێت، پاشان زانکۆی ھەڵەبجە چەند پانێڵێک و چالاکییەک ئەنجام دەدات تایبەت بە ڕۆژی کیمیابارانی شار".
ھۆشمەند مراد، گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئەمساڵ بڕیارمانداوە لە بەردەم بارەگای کۆمەڵە لە کەشوھەوایەکی کوردانە و ھەڵەبجەیانە، بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەھیدان و برینداران و منداڵانی دۆزراوە ساڵیادەکە بکەینەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ڕێوڕەسمی ٣٤ ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک دەست پێدەکات، چەندان چالاکی تێدادەبێت پاشان کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، تاجوگوڵینە لەسەر مەزاری شەھیدان دادەنێن ھاوکاتە لەگەڵ تەوقیتی یەکەم بۆمبی کیمیایی لە ھەڵەبجە درا".
ڕۆژی ١٦ی٣ی ساڵی ١٩٩٨، بە فەرمانی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری دیکتاتۆری پێشووی عێراق، کیمیابارانی ھەڵەبجە کرا، بووە ھۆی شەھیدبوونی پێنچ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل و ١٠ ھەزار بریندار و سەدان ھاووڵاتی بێ سەروشوێن بوون، تاوەکو ئێستاش دەیان منداڵ بێ چارەنووس ماونەتەوە و خێزانەکانیان چاویان لە گەڕاندنەوەیانە.
عەزیز ڕەسووڵ




