٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: ڕژێمی بەعس نەیتوانی ڕێگری لە کەرکووکییەکان بکات یادی نەورۆز بکەنەوە، چۆن ڕاکان جبوری دەتوانێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە نووسراوێکدا باسی لەوە کرد، کورد بە بۆنەی نەورۆزەوە تەنھا سێ سەعات بۆیان ھەیە ئەو یادە بکەنەوە و نابێت دروشمی نەتەوەیی بڵێنەوە و پێویستە لەژێر چاودێریی ھێزە ئەمنییەکاندا بێت. بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا یادی نەورۆزیان کردووەتەوە و ئێستاش بە ھەمان شێوە ئەو یادە دەکەنەوە و کەس ناتوانێت ڕێگری بکات .

عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوەی ئیدارەی کەرکووک باسی کردووە زۆر بێمانایە و ھەر ئەوەش لە ئیدارەیەکی سەپێندراو و تەعریبکراو چاوەڕێ دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەو پارتە کوردییانەی لەوێن، ھەڵوێستیان ھەبێت، بەڵام کوردەکان ھەر چۆنێک بێت ئەو یادە ھەر دەکەنەوە.''

عەدنان کەرکووکی گوتیشی: ''کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بە بۆنەی یادی نەورۆزەوە تایەیان لە گەڕەکەکانی شۆڕیجە و ئازادی و ئیسکان و ڕەحیماوە دەسووتاند، ئەمڕۆ ڕاکان جبووریی تەعریبچی ناتوانێت ڕێگری لەوە بکات کە کورد یادی نەورۆز بکاتەوە و ئەو یادە ھەر چۆنێک بێت دەکرێتەوە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار