لیزا کاکەیی: ٦٩ پەرلەمانتار داوای پێکھێنانی ھێزی ھاوبەش بۆ سنوورەکان دەکەن
_(12)__2022_03_15_h15m53s43__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە ئیمزای ٦٩ پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکھێنانی ھێزی ھاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی سنوورەکان.
لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی سنوورەکان و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش بۆ ڕێگریکردن لە ھەر پێشێلکاری و سەرپێچییەکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە ئیمزای ٦٩ پەرلەمانتار یادداشتێکمان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە.''
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: "داوامان کردووە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.''
لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەمەیش لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی سنوورەکانە کە دەگوترێت کاری قاچاغی و نایاسایی دەکرێت لە سنوورەکان، ئێمە دەمانەوێ ڕاسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارە نایاساییەکانی دەروازە سنوورییەکان بھێندرێت.''
قائید میرۆ




