سێ پڕۆژەی کارەبا ٨٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێنن

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ڕێگەی سێ پڕۆژەوە لە بازیان و ھەولێر کە کاریان تێدا دەکرێت ٨٥٠ مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت، ئەمەش کاریگەریی باشی دەبێت بۆ زیادبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و ھەوڵیش دەدەن لە ڕۆژانی نەورۆزدا کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکرێت، ئەگەر شەپۆڵی دیکەی سەرما ھەرێمی کوردستان نەگرێتەوە.
ئومێد ئەحمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە بەرھەممان جێگیرە و سێ هەزار و٥٠٠ مێگاواتە و ھەوڵ دەدەین کە لە ڕۆژانی نەورۆزدا کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکرێت، چونکە ئێستا لە ناوچە گەرمەکانی وەکوو ھەولێر و گەرمیان ڕۆژانە نزیکەی ١٥ کاتژمێر کارەبا دەدرێت و لە ناوچە ساردەکانیش نزیکەی ١٢ کاتژمێر، بۆیە ئەگەر شەپۆلی دیکەی سەرما نەبێت، کاتژمێرەکانی کارەبا زیاتر دەبن، چونکە خواست لەسەر کارەبا کەمتر دەبێت.''
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''چەند پڕۆژەیەکی نوێی کارەباشمان ھەیە بۆ ئەمساڵ کە ئێستا کاری لێ دەکرێت، لەوانە یەکێکیان لەڕێگەی سۆنەرەوە کە ١٠٠ مێگاواتە لە ھەولێر و لە بازیان دوو یەکەمان ھەیە کە یەکێکیان ٢٥٠ مێگاوات دەبێت و ئەوەی دیکەش ٥٠٠ مێگاوات کە لە مانگی ھەشت تەواو دەبن و دەکەونە کار، ئەوەی ٥٠٠ مێگاوات پێویستی بە غاز ھەیە، بەڵام ئەوەی ٢٥٠ مێگاواتەکە ھەر بە سیستەمەکەی خۆی و بێ غاز کار دەکات، بۆیە بەرھەمی کارەبا لە سێ ھەزار و٥٠٠ مێگاوات بۆ چوار ھەزار و٣٥٠ مێگاوات زیاد دەبێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




