پارێزگاری هەولێر: 7 ملیار دینار ئامادەیە و بەزووترین کات دابەشدەکرێت

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی 7 ملیار دینار بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی هەولێر کۆکراوەتەوە و بەمزووانە دابەشدەکرێت. دەشڵێت "هاوکارییەکە پارە دەبێت و ئەوەی ئۆتۆمبێلیشی زیانی بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێتەوە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بڕی 7 ملیار دینار لەو پارەیەی کۆکراوەتەوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر ئامادەیە و هەوڵدەدەین بەمزووانە دابەشی بکەین. پێشتریش 4 ملیار دینار بۆ کەلوپەل و پێداویستی وەک هاوکاریی سەرەتایی دابەشکراوە و ئەوە جیاوازە لەو 7 ملیار دینارەی کە ماوە."
پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دڵنیایی دا کە "بەزووترین کات" پارەکە دابەشدەکەن و دەشڵێت "هۆکاری ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە ئەوەیە کە زیانەکان بە 20 ملیار دینار خەمڵێنرابوون، بەڵام ئێستا تەنیا 7 ملیار کۆکراوەتەوە. هەروەها ئەوانەیشی هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەن بە دڵنیاییەوە سزای ماددی دەدرێن و دواتر لەگەڵ 7 ملیارەکە تێکەڵ دەکرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکەین بەپێی زیانەکان."
سەبارەت بەوەی کە بەشێک لە ماڵەکان ئۆتۆمبێلەکانیان بەهۆی لافاوەکە تووشی زیان بووە، پارێزگاری هەولێر گوتی، "خەمڵاندنمان بۆ ئەوانەش کردووە کە ئۆتۆمبێلەکانیان تووشی زیان بووە و ئەوانیش بە دڵنیاییەوە قەرەبووی ئۆتۆمبێل وەردەگرنەوە بەپێی زیانەکان."
ڕامان وریا




