ھاتووچۆی ھەرێم: پێویستە لە جیاتی ئۆتۆمبێل ھێڵی گواستنەوە بەکار بھێندرێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی ھاتووچۆ بەردەوام لە زیادبووندان و تەنھا لە مانگی یەکی ئەمساڵ ٢٧٠ ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویانداوە و ھۆکارەکەشی بۆ ھاوردەکردنی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل دەگەرێتەوە کە مانگانە تەنھا ئەوانەی تۆمار دەکرێن لای ئێمە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێلە، بۆیە پێویستە لە جیاتی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێل ھێڵی گواستنەوە بەکار بھێندرێت.
عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕووداوەکانی ھاتووچۆ بەردەوام لەزیادبووندایە و ھۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکانیش یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و بەردەوامیش ھاوردە دەکرێت و ئەوەی لای ئێمە تۆمار دەکرێت ھەژمار دەکرێت، کە مانگانە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە دەکرێت، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە".
عەمید ئەسعەد کەریم گوتیشی: "ئەو ھاوردەکردنە زۆرەی ئۆتۆمبێل لە دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات و دەبێتە ھۆکاری زیادبوونی ڕووداوی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ڕێژەی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەزیاد بووندایە".
کەریم باسی لەوەشکرد: "باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت پێویستە ھێڵی گواستنەوە ببێتە جێگرەوەی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێل، وەکو میترۆ، پاس و ھێڵەکانی دیکەی گواستنەوە، ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی کێشەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ چارەسەربێت و کەمبێتەوە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "تەنھا لە مانگی یەکی ئەمساڵ ٢٧٠ ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویانداوە، بەو ھۆیەوە ٢٥ کەس گیانی لە دەستداوە و ٣٨٤ کەسیش برینداربوونە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




