سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق دۆخى وڵات تاوتوێ ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2022/3/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال و شاندێكى باڵاى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا وێڕاى دوایین پێشهاته سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عیراق، باسیان له هێرشى مووشه‌كیى به‌ره‌به‌یانیى دوێنێ 13ى ئازار بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد كه دواتر سوپاى پاسدارانى ئێران به‌رپرسیاریه‌تیى خۆیان له ئه‌نجامدانى ڕاگه‌یاند.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه هێرشه‌كه پێشهاتێكى جددى و پێشێلكردنێكى زه‌قى سه‌روه‌ریى عیراقه و ده‌ستدرێژییه‌كه ئاسایش و ئارامى و سه‌قامگیریى ته‌واوى عیراق ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال دووپاتى كردوه كه ئه‌وان به نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه له هێرشه‌كه ده‌ڕوانن و گوتى ئه‌مڕۆ هاتووین تا له هه‌ولێر له‌گه‌ڵتان بین و وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان لێره‌ین. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت، به لێكگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت.
ده‌رباره‌ى پاساوى بۆردۆمانه‌كه‌ش گوایه بنكه‌یه‌كى ئسرائیلى كراوه‌ته ئامانج، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ڕه‌تیكرده‌وه كه هیچ بنكه‌یه‌كى ئسرائیلى له هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت و ئه‌و ده‌نگۆیه‌ى به پاساوێكى بێ بنه‌ما له قه‌ڵه‌م دا.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیران كازمى كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى به پشتگیرى و هاوسۆزى بۆ هه‌رێمى كوردستان له قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه فاكته‌رى سه‌قامگیرى بووه و ده‌بێت، بایه‌خیش به په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌دات.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له كارى پێكه‌وه‌یى و له‌وه كرده‌وه كه ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى لیژنه‌ى هاوبه‌شى حكوومه‌تى فیدرالى عیراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕاى گشتى و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان ئاشكرا بكرێت و لێى ئاگادار بكرێنه‌وه.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان - عێراق




