٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەدیجە عومەر: پارتی ئامادەی ھەموو بژاردەیەکە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامن و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی کۆمسیۆن کۆ دەبێتەوە.

خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ جارێکی دیکە فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆ بوونەتەوە و دانوستانەکانیش بەردەوامن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەری کۆتایی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمە ئامادەی ھەموو بژاردەیەکین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، پارتی نەرمییشی نواندووە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''نایشارمەوە ناکۆکی ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر پرسی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.''

خەدیجە عومەر کە ھاوکات ئەندامی لیژنەی یاسایییە ڕوونی کردەوە: "بڕیارە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی کۆمسیۆن کۆ ببێتەوە، پێشبینی دەکرێت لەم حەفتەیەدا کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، ئەگەر فراکسیۆنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن ئەوە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەبێت، ئەگەریش نەگەیشتن بە ڕێککەوتن ئەوە بێگومان پەرلەمان ناتوانێت لەسەر ئەو بابەتە کۆ ببێتەوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار