٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گرینگیدانی ھەرێم بە پێکھاتەکان رەنگدانەوەی جیھانی ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کوردستان لە ناوچەکانی تر جیا دەکاتەوە، پێگەی هەرێمی کوردستانە کە پێگەیەکی فرەئایینی و نەتەوەیییە و پڕە لە پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و ئەمەش بووەتە جێگای بایەخ لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکاوە.

لەو بارەیەوە، ئایدن مەعرووف، وەزیری پێکهاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وجوودی پێکهاتەکان لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا زۆر باشە و بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی سیاسیی نێو حکوومەت و نێو بڕیارە سیاسییەکان و پەرلەماندا هەیە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرنگیدانە بە پیکهاتەکان و ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک گرنگی بە پێکهاتەکان دراوە.''

گوتیشی: ''لەم کابینەیەدا وەزارەتێکی تایبەت تەرخان کراوە بە پێکهاتەکان و بڕیارە لە داهاتوودا ئەم پرۆسەیە فراونتر بکرێت، بۆیە پێکهاتەکان نەک تەنیا لەنێو وەزارەتی پێکهاتەکاندا بەشدارن، بگرە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە و ئەوقاف و تەواوی وەزارەتەکانی تردا بە پلە و پۆست بەشدارییان هەیە و دەتوانن بە ئازادانە داوای مافەکانیان بکەن و کار بۆ پاراستنی شوناسی ئایینی و پێکهاتەکان دەکەن.''

گوتیشی: ''هەمووی ئەو شاند و کەسایەتیانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ستایشی حکوومەتی هەرێم دەکەن بۆ بەشداریی پێکهاتەکان و کەمینەکانی کوردستان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.''

دەربارەی پێکهاتەکان؛ کابینەی ٩ درێژەپێدەری کابینەی ٨ـە

خدر دوملی، گرنگیدەری بواری پێکهاتە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ خاڵەوە بەردەوامیی داوە بە دەستکەوتەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی خۆی؛ یەکەم، بەردەوامیی پرۆسەی گەشەکردنی خوێندنی پێکهاتەکان بۆ ئێزدی و مەسییحی و ئەرمەن و تورکمانەکان، دووەمیش پرۆسەی گەشەکردنی بەڕێوەبەری لە ئیدارەی پێکهاتەکان لە حکوومەتدا، بەتایبەت لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا کە گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت و سێیەمیش ئەوەیە کە یەکێک لە ئامانج و کارە گرنگەکانی ئەم کابینەیە گرنگیدانە بە پێکهاتەکان و کردوویەتە بەرنامە و پلانی تایبەت بە پێکهاتەکان و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکات، بەتایبەت لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە بەرگرییەکی بەردەوامیان کردووە لە پێکهاتەکان، بەتایبەت ئەوانەی ئاوارەن لە هەرێمی کوردستان و وەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و پشتیوانییەکی گەورە لەو ئاوارانە دەکەن، کەموکوڕییش هەن، بەڵام حکوومەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنیان.''

یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان کە لە كوردستان ـ عێراق دەرچووە و ددانی بە کۆمەڵێک مافدا ناوە بۆ پێکهاتەکان.

بەشداریی سیاسی و دروستکردنی بڕیار

گوتیشی: ''لەم کابینەیەدا گرنگ ئەوە بوو وەزارەتێک بە ناوی پێکهاتەکانەوە پێک هات و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو و بۆ یەکەم جارە هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەنرێت و ئەمە دەلیلی ئەوەیە پێگەی ئەم پێکهاتانە شتێکی فەرمییە و دەبێ ئەم وەزارەتە ئەکتیڤ بکرێت و پلانەکانی درێژتر و قووڵتر و توکمەتر بێت.''

کەس خۆی بەکەم نابینێت

سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ هەندێک پێکهاتە یان کەمەئایینییەکان پەراوێز خراون، یاخود نا، دوملی ئاماژەی بەوەش دا: تا ئێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی پێکهاتەکان هەستیان بەوە کردبێت پەراوێز خرابن و جێگایان لە کوردستان نەبێت، چ لە ئێزدی و مەسیحی و کاکەئی و تورکمان، بەڵام دەبێ پلانیان هەبێت و ئەم کارە بەردەوامیی هەبێت و جێگای فەرمی و جەماوەریشیان هەبێت.

باشترکردنی دۆخەکانیان

شارەزایانی بواری پێکهاتەکان چەندان پێشنیار و بۆچوونیان هەیە لەبارەی باشترکردنی دۆخی کەمینەئایینی و نەتەوەییەکان بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە ئەمە وڵاتیانە و خاوەنماڵن، نەک هاووڵاتیی پلە دوو، کە بریتین لە:

یەکەم: دەبێ لە هەموو ماف و ئیمتیازەکاندا ڕەچاوی خاڵی ئایینی نەکرێت.

دووەم: لەسەر بنەمای ئایینی و نەتەوەیی مامەڵە لەگەل پێکهاتەکان نەکرێت.

سێیەم: دەبێت ئەوان بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت و مافێ بڕیاردانی سیاسییان هەبێت، نەک تەنیا بەناو بەشدارییان هەبێت.

چوارەم: لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا پشکدارییان پێ بکرێت.

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار