وەزیری شەھیدان بۆ KDP: دەمانەوێت ئەمساڵ ساڵیادێکی بەشکۆ بکەینەوە

ھەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی ١٦ی٣، ساڵیادی ٣٤ ساڵەی جینۆسایدی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەکرێتەوە، وەزیری شەھیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەوەی پێمان بکرێت بۆ کەسوکاری شەھیدان و منداڵە ونبووەکان و برینداران دەیکەین و دەمانەوێت ئەمساڵ ساڵیادێکی بەشکۆ بکەینەوە.
عەبدوڵای حاجی مەحموود، وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چەند ساڵی ڕابردوو بە ھۆی شەڕی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا نەمانتوانیوە ئەو یادەی خۆمان دەمانەوێت بیکەینەوە، بۆیە ھەموو ڕێکار و ئامادەکاریەک داندراوە بۆ یادی ئەمساڵی کیمیابارانی ھەڵەبجە".
عەبدوڵای حاجی مەحموود، دەشڵێ: "کەسوکاری شەھیدان و برینداران و کەسوکاری منداڵە ونبووەکان، فەزڵیان لەسەرمانە دەسەڵاتی حکوومڕانی لە کوردستان بەرھەمی خوێنی شەھیدانی خەڵکی کوردستانە، ھەرچی بکرێت بۆ ھەڵەبجە و خەڵکەکەی ناکاتە دڵۆپێکی خوێنی شەھیدان، ھاوکات ئەمڕۆ بەشداری کۆبوونەوەیەکمان کرد لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجە و گوێمان گرت لە بەرنامەیان بۆ یادی ھەڵەبجە، کە بەرنامەیەکی باشە و یادێکی شایستە دەکرێتەوە، ھەوڵیش دەدەین ئەو کێشانەی ھەبوو لە کۆبوونەوە باسکرا چارەسەری بکەین".
وەزیری شەھیدان دەشڵێ: "کێشەی پارەی خوێندنی قوتابیان و دابینکردنی زەوی و ناردنە دەرەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ھەوڵدەدەین چارەسەریان بکەین، ھەروەھا داواکاری کەسوکاری شەھیدان چارەسەر کراوە و ھەوڵیش دەدەین ئەو داواکاریانەی تریش ھەیانە چارەسەریان بۆ بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، وەفدێکمان دەڕوات بۆ ئێران، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕی شەھیدانی ھەڵەبجە".
عەزیز ڕەسووڵ




