بەیاننامەی لقی۲ی پارتی بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی هەولێر

ئەمڕۆ لەمێژوی پڕ لەشانازی و سەروەری نەتەوەکەماندا یادی دوو ڕوداوی مەزن دەکەینەوە،ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ و ڕاپەڕینی خەڵکی قارەمان و نیشتیمان پەروەری شاری هەولێری دوژمن بەزێن.
ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بەچۆکداهێنانی سەرسەختترین دوژمنی کورد و کوردستان بوو،سەرکەوتنی حیکمەت و لێزانی ڕابەری نەتەوە مستەفا بارزانی و ئیرادەو خۆڕاگری پێشمەرگەو خەڵک بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادی.
ڕێککەوتننامەی (١١ ئاداری ١٩٧٠) کەبەر لە٥٢ ) ساڵ لەنێوان حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر واژوکرا،بەرهەمی ساڵەهای ساڵی تێکۆشان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بوو،ڕوداوێکی مێژویی گرنگ بوو لەپێناو چەسپاندنی دیموکرسی و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
ڕێککەوتننامەکە بەڵگەنامەیەکی مێژویی سەنگین و دەسکەوتێکی دیکەی گرنگی کورد و پارتیمان بوو بەسەرۆکایەتی بارزانی نەمر بۆ پێداگرتن و خەباتکردنی بێ وچان لەپێناو گەیشتن بەمافە نەتەوەییەکانمان،ئەوڕێککەوتننامەیە زەمینەیەکی لەباری بۆ ئاشتەوایی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و ئاوەدانکردنەوە ڕەخساند کەئەوەش دەلالەتی حیکمەت و وردبینی و پلان ڕێژی بارزانی نەمرو سەرکردایەتی پارتی بوو کە بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە حکومەتی عێراقی ناچاری ملکەچکردن کرد بۆ داواو مافە ڕەواکانی گەلی کوردو بزوتنەوە ڕزگاری خوازەکەی،لەلایەکی دیکە سەرکەوتنی ئیرادەی ئاشتی خوازی و ژیاندۆستی و لاشەڕی کوردستانیان بوو بەسەر بیری شەڕانگێزی و هەوڵی سڕینەوەو لەناوبردن و بەپاشکۆکردنی کورد.
لەو ساڵیادە مەزنەدا بە شانازیەوە ڕۆڵی بەرز و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ دێنینەوە بیر کە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری بارزانی نەمردا توانیان لێزانانە نوێنەرایەتی گەلەکەمان بکەن لەگفتوگۆ و دانوستانەکاندا تا گەیشتن بەو ڕێککەوتننامەیە کەبەیەکەم بەڵگە نامەی مێژوویی دانپێدانراو دادەنرێ بۆ سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانمان و بناغەی ئەو دەسکەوتانەیە کەئەمڕۆ هەمانە.
هاوکات ئەمڕۆ یادی ڕاپەڕینی شکۆداری هەولێری دوژمن بەزێن دەکەینەوە کەلە ١١ ئاداری ١٩٩١ دا بەبەرزی باڵای منارەو شکۆی قەڵاوە هاواریان بۆ ئازادی هەڵبڕی،لەو ڕۆژەدا ئیرادەو هەڵمەتی کوڕان و کچانی هەولێر ئاوێتەی هێزو ورەی پێشمەرگەبوون و کەرنەڤاڵی ئازادی و سەربەستیان نەخشاند.
کەهەولێر ڕاپەڕی دوژمن بەیەکجاری چۆکی شکاو لەبەردەم خەڵک و پێشمەرگەدا ملی کەچکرد، بەپلانداڕێژی و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لەماوەیەکی کورتدا شاری هەولێر بەتەواوی ئازادکراو جەماوەرو پێشمەرگە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
ڕاپەڕینی هەولێریەکان و ئازادکردنی هەولێر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو کەبووە هۆی سەرکەوتنی یەکجاری گەلەکەمان و وەدەرنانی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس بەتەواوی و گەیشتنی ڕاپەڕین بەقۆناغێکی گرنگ.
یادی شکۆداری ڕێککەوتننامەی ١١ ئاداری ساڵی ١٩٧٠ و ڕاپەڕینی هەولێری دوژمن بەزێن لەجەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گوڵانی پێشکەونخوازو سەجەم تێکۆشەرانی گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.
روحی شەهیدە سەربەرزەکانمان شاد،حورمەت بۆ کەسو کارو خانەوادە بەڕێزەکانیان دەنێرین.
بەڵێنی بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانی ڕابەرو جەخت لە پڕەنسیپەکانی ڕاپەڕین و پارێزگاری لەنیشتیمان و دەستکەوتەکانمان دەکەینەوە.
لقی دوو ی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٠٢٢/٣/١١




