عه‌بدلحه‌کیم خه‌سرەو: جێبه‌جێکردنى پرۆسه‌ى چاکسازى به‌رده‌وام ده‌بێت

هەولێر -KDP.info- سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوونی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ده‌ڵێت، ده‌ره‌نجامى باش له یاسای چاکسازی بەده‌ست هاتووه و پرۆسه‌که له ته‌واوى دامه‌زراوه‌کاندا بەردەوامە و ئێستا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌یاسای گرنگ کار ده‌کات که ڕۆڵى گرنگیان لە ژیانى ڕۆژانه‌ى هاووڵاتییاندا ده‌بێت.
د. عه‌بدلحه‌کیم خه‌سرەو، سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوونی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "پرۆسه‌ى چاکسازیی هه‌رێمى کوردستان له ته‌واوى سێکته‌ر و دامه‌زراوه‌کاندا به‌رده‌وامە، لەوانە له بوارى باج و له بوارى کارگێڕیدا و له چوارچێوه‌ى یاسای ژماره 33دا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت له کاره‌کانیان به‌رده‌وامن و به به‌شێک له هه‌یکه‌لیه‌تى دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌تی هەرێمی کوردستاندا دەچنەوە، جگه له‌وه، پرسى خزمه‌تگوزراییه گشتییه‌کان و شێوازى ڕێکخستنیان و چاکسازی تێیاندا به شێوه‌یه‌ک کە ڕۆتینى تێدا نه‌بێت، به‌تایبه‌ت له بابه‌تى که‌مکردنه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌کانى وه‌رگرتنى خزمه‌تگوزراییه‌کان و شێوازى به‌ده‌ستهێنانى له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه، هەروەها پیاده‌کردنى سیستەمى یه‌ک په‌نجه‌ره‌یى له هه‌ندێک له وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کان و که‌مکرنه‌وه‌ى ڕۆتین له کاروباره‌کان که به‌خۆشحاڵییه‌وه ئێستا له هه‌ندێک له به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه‌کاندا ئه‌م سیستەمه کارایه و بێگومان به‌رنامه‌که وایه له ته‌واوى فه‌رمانگه‌کانى سه‌ر به حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستاندا جێبه‌جێ ده‌کرێت، یه‌کێکى دیکه له هه‌نگاوه‌کان، پرۆژه‌یاسای به‌دامه‌زراوه‌ییکردنى ده‌رمان و خۆراکە که حکوومه‌ت کارى له‌سه‌ر ده‌کات".
گوتیشى: "بێگومان پرۆسه‌ى چاکسازى ئێستا له ته‌واوى وه‌زاره‌ته‌کاندا به‌رده‌وامه له بوارى مووچه، خانه‌نشینى، که‌مئه‌ندامان، شه‌هیدان، وه‌زیفه‌ى گشتى، به‌ئه‌لیکترۆنیکردنى سیستەمى مووچه، ژێرخانى پێوست و ڕێکارى پێوست بۆ هه‌موو ئه‌مانه گیراوه‌ته به‌ر، به‌دڵنیایییەوە هه‌نگاوى باشى بڕیوه و هه‌ندێکیشى پێویستى به کاتى زیاتره".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




