"ھەموو هەوڵێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری کەرکووک دەدەین"

کەرکووک -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕەتی کردەوە بە ڕەزامەندیی پارتی، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت و دەشڵێت: ''ھەموو هەوڵێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری ئێستای کەرکووک دەدەین''.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لە سەرەتاوە پارتی لەگەڵ دانانی پارێزگاری ئێستای کەرکووک نەبووە و تەنانەت تا ئێستاش ئیعترافی پێ نەکردووە، بەڵام خەڵکی دیکە ھەبووە ئیمزایان بۆ دانانی ڕاکان جبووری کردووە، ئەوانەیشی باسی ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی پارتی دەکەن لەسەر مانەوەی پارێزگاری کەرکووک دوورە لە ڕاستییەوە و ئەسڵ و ئەساسی نییە.''
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەست بە دانوستان دەکەین بۆ گۆڕینی پارێزگاری ئێستای کەرکووک و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و وەک پارتی ھەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گۆڕینی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک.''
د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوش کرد: "پارتی لەگەڵ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووکە و پێشتریش هەوڵی داوە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و دانانی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکووک.''
قائید میرۆ




