٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوکری نێروەیی: خۆم ڕێککەوتنی ١١ی ئادارم نووسی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق باشترین بەڵگەیە لەسەر شکستی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بەرانبەر بە شۆڕش و نووسەری ڕێککەوتنی ١١ی ئاداریش دەڵێت، حکوومەت ناچار بوو ددان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت.

شوکری نێروەیی، نووسەری ڕێککەوتنی ١١ی ئادار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق گەیشتە ئەو باوەڕەی ناتوانێت بەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بگرێت و بە شەڕ و زوڵم و ستەم میللەتی کورد لەنێو ببات، دەستی بە دانوستان کرد لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، چەند جارێک شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن سەردانی سەرکردایەتیی شۆڕشیان کرد لە گوندی ناوپردان، ئەوکات من بەرپرسی ئیدارەی تەندروستیی شۆڕش بووم، بەڵام بارەگایەکی شۆڕش لەنێو قوتابخانەیەکی ناوپردان بوو و ژوورێکیان بۆ بەندە دابین کردبوو لەگەڵ ئامێرێکی چاپ.''

ئەو نووسەرەی شۆڕش گوتیشی: "ھەر بەیانێک لە سەرکردایەتیی شۆڕش دەر کرابووایە، ئەرکی نووسینەوەی لەسەر من بوو، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، شۆڕشی کورد و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن، ھەر خاڵێک ڕێککەوتنی لەسەر کرابایە لەلایەن دکتۆر مەحموود عوسمانەوە بۆ من دەھات و چاپم دەکرد، دواجار گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و من بەیانی ١١ی ئادارم نووسی، ئەو ڕۆژەی کۆتاییی بەیانی ١١ی ئادارم بردە ژووری بارزانیی نەمر، شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن دانیشتبوون و ھەردوولا ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنی ١١ی ئادار کرد، ئەوەی بڵاو کراوەتەوە ھەموو ڕێککەوتنەکە نییە، چونکە چەند لاپەڕەیەکی لەخۆ گرتووە و بەشێکی زۆری لای من پارێزراوە.''

شوکری نێروەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چەند ڕۆژێک پێش ١١ی ئادار ئیمزا لەسەر بەیانەکە کرا و ڕۆژی ١١ی ئادار لە بەغدا بەفەرمی لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی ئەوکاتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، ڕێککەوتنی ١١ی ئادار بووە ئەگەری ئەوەی یەکەم جار بێت حکوومەتی عێراق ددانی بە چەندین مافی گەلی کورددا نا، وەک ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و چەندین خاڵی دیکەی باشی تێدا بوو، بەتایبەتی ئەوکات حکوومەتی عێراق زۆر پەلەی دەکرد لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە.''

شوکری نێروەیی باس لە یادگارییەکی ڕۆژانی ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کرد و دەڵێت: "ڕۆژێک شاندی حکوومەتی عێراق ھاتبوونە ناوپردان و لە شوێنێک بە پیادە لەگەڵ شاندەکە بەرەو بارەگایەکی شۆڕش دەچووین، سەدام حوسێن چاوی بە تۆنێلێکی پێشمەرگە کەوت، تۆنێلەکە زۆر بە شێوەیەکی تۆکمە دروست کرابوو، پێی سەیر بوو پێشمەرگە ئەو جۆرە تۆنێلانەی ھەیە و لە بارزانیی نەمری پرسی ئەوە چییە، بارزانیی نەمریش لە وەڵامیدا گوتی، ئەمە ھیچ نییە، دژی فڕۆکەکانی ئێوەیە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار