٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دارا جەلیل خەیات: ھەرێمی کوردستان تووشی کەمی خۆراک نابێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی فراوانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان ھەیە و ھیچ کات تووشی کێشەی کەمی خۆراک نابێت و تا ماوەیەکی زۆریش خۆراکی پێویست ھەیە و ھیچ گرفتی خۆراکمان نیە، چونکە ئەگەر لە وڵاتێکیش کێشە ھەبێت، لە وڵاتی دیکە کەلوپەلی خۆراکی لێ ھاوردە بکەین.

دکتۆر دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی فراوانی بازرگانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیھان ھەیە و ھیچ کات تووشی گرفتی کەمی خۆراک نابێت و، ئێستا ڕاستە خۆراک زیاتر لە ڕێگەی تورکیاوە بۆمان دێت کە لەوێش ئۆکرانیا نزیکە ھاوردەی دەکەن بە تایبەت زەیت و ڕۆن، بەڵام ئەگەر لەوێش خۆراکمان بۆ ھاوردە نەکرێت وڵاتی دیکە زۆرن خۆراکی لێ ھاوردە بکەین، چونکە تەنھا یەک وڵات نیە خۆراک بەرھەم بێنێت و زۆرینەی وڵاتان دەتوانین خۆراکی لێ ھاوردە بکەین".

دارا جەلیل خەیات ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی زەیت و ڕۆنی لێ ھاوردە دەکرێت ئێستا لە ئۆکرانیا و تورکیایە، بەڵام ئەگەر لەوێش گرفت ھەبێت لە وڵاتی دیکە ھاوردەی دەکەین، بۆیە ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ڕێگەی بازرگانانی خۆمان ڕێگە نادەین گرفتی کەمی خۆراک دروست بێت".

خەیات باسی لەوەشکرد: "لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان و لە کۆگاکان خۆراکێکی زۆر ھەیە و تا ماوەیەکی درێژ پێویستمان بە خۆراک نابێت و ھەر کاتێکیش پێویست بێت لە وڵاتی دیکە ھاوردەی دەکەین، چونکە وڵاتان زۆرینەیان ھەموو جۆرە کەلوپەلێکی خۆراک بەرھەم دێنن، بەڵام بڕوا ناکەم دۆخەکە بەو جۆرە بکێشێت و گرفت بۆ ھیچ شوێنێک دروست بێت و ئێمە پلانی خۆمان ھەیە و ڕێگە بە دروستبوونی ھیچ قەیرانێکی کەمی خۆراک نادەین".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار