٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فێستیڤاڵی ئازادى هەولێر له‌ سبه‌یه‌وه‌ تا هەڵکردنى ئاگری نەورۆز به‌رده‌وام ده‌بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاى هەولێر بە مەبەستى یادکردنەوەى ڕووداوەکانى ئادار و جەژنى نەورۆز، بە بۆنەى 31 ساڵەى ئازادبوونى شارى هەولێرەوە لە ماوەى 10 ڕۆژدا فێستیڤاڵى ئادار و نەورۆز ساز دەکات کە لە 11/3 دەست پێدەکات و ئێوارەى ڕۆژى 20/3 بە هەڵکردنى ئاگری نەورۆز کۆتایی دێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: لە سبەی، واتا لە ڕۆژى ئازادکردنى شارى هەولێرەوە دەست دەکەین بە چالاکییەکانى دوانزەمین فێستیڤاڵى نەورۆز و ئازادى کە ماوەى چەند ساڵێک بوو نەتوانرابوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانى داراییەوە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوە بچێت.

باسی لەوەش کرد کە 23 چالاکی لەو ڕۆژانەدا بەڕێوە دەچن و 2500 کەس و کەسایەتى و هونەرمەند بەشدارى لەو فێستیڤاڵەدا دەکەن و لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر هەموو قەزا و ناحییەکان چالاکییان دەبێت.

لەبارەى دابەشکردنى کارەکانیشەوە پارێزگارى هەولێر باسی لەوە کرد کە کارەکان بەسەر هەموو لیژنەکاندا دابەش کراوە، بەتایبەتى لیژنە ئەمنییەکان کە ئەرکى پاراستنى سەر و گیان و ماڵى هاووڵاتیان و گەشتیارانیان لە ئەستۆیە. چونکە نەک هەر هاووڵاتییانى هەولێر و کوردستان بەشدارى لە چالاکییەکان دەکەن و گەشت و سەیران دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکى بەرچاوى گەشتیاریش بگەنە کوردستان.

جێگاى ئاماژە بۆ کردنە بەپێی بەرنامەى فێستیڤاڵەکە لە ماوەى 10 ڕۆژى ئاهەنگەکانى نەورۆز و ئازادیدا پەیکەرى شەهید خەجە باوە وەک سیمبولى شەهیدانى ڕاپەڕینى شارى هەولێر لە پارکى شار دادەنرێت و لە ڕۆژانى فێستیڤاڵەکەدا شەش پێشانگاى جۆراوجۆریش دەکرێنەوە و سێ ئاهەنگی بەستە و مەقام ساز دەکرێن، هەروەها لە 12/3 پارێزگارى هەولێر و تەواوى یەکە کارگێڕییەکانى هەولێر سەردانى مەزارى نەمران دەکەن، لە ڕۆژى 17/3شدا ماراسۆنى کچانى هەولێر لە پارکى شانەدەر بەڕێوە دەچێت، جگە لە بەڕێوەچوونى فێستیڤاڵى منداڵان و نمایشکردنى شانۆی سەرشەقام لە 16/3/2022.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار