دوو کارگەكهی ھەولێر و سلێمانی ڕۆژانە بەرھەمیان ھەزار و ٥٠٠ تەن ئاردە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بنەتۆ و چاندن لە وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەرھەمھێنانی ئارد و دانەوێڵە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە گەنمی خۆماڵی و ئێستا دوو کارگە کراونەتەوە لە ھەولێر و سلێمانی، کە بەرھەمیان ھەزار و ٥٠٠ تەن ئاردە ڕۆژانە و بڕیارە ڕێژەکە لەمساڵدا بۆ چوار ھەزار تەن لە ڕۆژێکدا زیادبکرێت و جۆرێکی دیکەی ئاردیش بەرھەم بێنن.
رێژین سدقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت و لە جیاتی ھاوردە، پشت بە بەرھەمی ناوخۆیی ببەستین، بۆ ئەو مەبەستەش دوو کارگە کراونەتەوە لە ھەولێر و سلێمانی کە ئێستا وەکو ھەنگاوی یەکەم ئاردی سفر بەرھەم دێنن کە کوالیتیەکی باش و نرخەکەشی گونجاوە لە چاو ئەوەی ھاوردە و، ئەوەی ھەولێر ڕۆژانە ھەزار تەن ئارد بەرھەم دێنێت و ئەوەی سلێمانیش ٥٠٠ تەن بەرھەمیەتی و بڕیارە یەکێک لە دھۆکیش بکرێتەوە ئەویش بەرھەمی ھەزار تەن دەبێت".
رێژین سدقی گوتیشی: "ئەوەی ھەولێریش بەرھەمەکەی بۆ دوو ھەزار تەن زیاد دەکرێت و ئەوەی سلێمانی بەرھەمی بۆ ھەزار تەن لە ڕۆژێکدا زیاد دەکرێت".
سدقی باسی لەوەشکرد: "جگە لەوەش لە گەنمی خۆماڵی دانەوێڵەکانیش بەرھەم دێنن و بڕیارە جگە لە ئاردی سفر لەمەودوا ئاردی دیکەی وەجبە کە مانگانە لە چوارچێوەی بەشە خۆراک بەسەر ھاووڵاتیان دابەش دەکرێت ئەویش بەرھەم بێنن، بەمەش کارێکی زۆر باش دەبێت بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆمان ھەبێت و پێویستمان بە ھاوردە نەبێت".
بڵند ئیبراھیم




