٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە سێ پاڵاوگەی نوێ لە گەرمیان و ھەولێر و دھۆک دروست بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە سێ پاڵاوگە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، مەبەست لەو کارەش بە پیشەسازی کردنی نەوتە لە ھەرێمی کوردستان، کە سودێکی زۆر زیاتری لە ڕووی داھات بۆ ھەرێم دەبێت، لەوەی نەوتی خام بفرۆشرێت و جگە لەوەش ئەوکات دەتوانی سوتەمەنی پێویست بۆ ناوخۆش دابین بکات.

دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ھەنگاوەکانی بۆ فراوانکردنی کەرتی نەوت و زیادکردنی بەرھەم بە تایبەت ئێستا کە نرخەکەی زیاد بووە و بڕیارە نەوت جگە لە ھەناردەکردنی بۆ دەرەوە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش بە پیشەسازی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سێ پاڵاوگەی نوێ لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، کە سودێکی زۆری بۆ ھەرێم دەبێت، ھەم بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ناوخۆ و ھەمیش بە پیشەسازی کردنی نەوتە، کە داھاتی زۆر لە فرۆشتنی نەوت زیاتر دەبێت، چونکە لە نەوتی خام ھەموو جۆرە سوتەمەنیەکە بەرھەم دێت لە ڕێگەی پاڵاوگەکان".

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی داناوە کە نەوت بە پیشەسازی بکات و بڕیاریش دراوە بۆ ئەو مەبەستە سێ پاڵاوگەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، ئەوانیش لە گەرمیان و ھەولێر و دھۆکە، بۆ ئەوەی ھەموو بەرھەمە نەوتیەکان بەرھەم بێت لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و تا ئێستاش کە ئەوە نەکرابوو ھۆکارەکەی ئەو قەیرانانە بوو کە بەسەر ھەرێمی کوردستان ھاتن، ئەگەر نا زووتر دروست دەکران کە زۆر پێویستن بۆ ھەرێمی کوردستان".

خنسی ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی نەوتە، ھەوڵدەدات گرینگی زۆری پێ بدات، کە گرنگترین ھەنگاویش ئەوەیە نەوتەکە بە پیشەسازی بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار