"لە ھەولێر ھەشت سۆپەرمارکێتی گەورە بەھۆی گرانفرۆشییەوە داخران"

هەولێر -KDP.info- دوای پێکھێنانی ژمارەیەک لیژنە بۆ چاودێریی ڕەوشی بازاڕ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆگا و مارکێت و دووکان بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون و بەڕێوەبەریی چاودێریی بازرگانیی ھەولێریش دەڵێت، تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ھەشت شوێنی گەورەی ھەولێر بەھۆی گرانیفرۆشییەوە داخراون.
موزەفەر سابیر، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لەگەڵ تیمەکانی قایمقامییەت و پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ ڕەوشی بازاڕ و نرخی خۆراک لە بازاڕ و مۆڵ و مارکێتەکانی ھەولێر کردووە و دوای پشکنین دەرکەوت ھەشت سۆپەرمارکێتی گەورەی نێو شاری ھەولێر سەرپێچیی نرخیان کردووە و بڕیار درا ھەر ھەشت شوێنەکە دابخرێن و جگە لە داخستن سزای مادیشیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.''
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی ھەولێر دەشڵێت: "ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، پشکنین بۆ ١٠ شوێنی دیکە کراوە و ڕۆژانە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی بازاڕ دەکەن.''
موزەفەر سابیر ڕوونیشی کردەوە: ''لیژنەکانی ئێمە داوای وەسڵی کڕینی کەلوپەل دەکەن و ھەر کەس و شوێنێک نرخی زیاد بخاتە سەر خۆراک، ئەوە سزا دەدرێت و ھیچ شوێنێک چاوپۆشیی لێ ناکرێت، چونکە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە تا ڕێگری لە گرانفرۆشی بکرێت، ڕۆژانی داھاتووش لیژنەکانمان چاودێریی بازاڕ دەکەن و ئەو شوێنانەی داخراون ھەموویان مارکێت و مۆڵی زۆر گەورە و بەناوبانگی ھەولێرن.''
قائید میرۆ




