"لە ڕۆژانی داھاتوودا ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا ڕەوانە دەکرێت"

بەغدا -KDP.info- لە ساڵی نوێدا تا ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ پابەند نەبووە بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری پشکی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەغدا ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە مانگانەیەی بۆ ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە دەکرد، دووبارە ڕەوانە بکات و بگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بەکار بھێندرێت.''
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ بڕیار بوو مانگانە بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران، حکوومەتی فیدڕاڵ ٢٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم لە دوای سەری ساڵەوە بەغدا پابەند نەبووە بە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە.
قائید میرۆ




