٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی بازرگانی: لە ھەرێمی کوردستان خۆراکی پێویست ھەیە و ڕێگە نادەین قەیران دروست بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، تیمەکانی ئێمە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان شەو و ڕۆژ چاودێریی بازاڕ دەکەن و ڕێگە نادەن کەلوپەل گران بێت و ئەوەی ھەشە ھەمووی بە نرخی کۆن کڕدراوە و نابێت نرخەکەی بەرز بکرێتەوە و ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کەلوپەلی پێویست ھەیە و ڕێگە نادەن قەیرانیش دروست بێت.

سەروەر کەمال ھاواری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو وەزارەتی بازرگانی لەڕێگەی لیژنەکانی چاودێریی  ڕۆژانە چاودێریی بازاڕ و دوکان و کۆگاکان دەکەین و ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕ ھەن بە نرخی پێشووتر ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە ڕێگە نادەین نرخی ئەو کەلوپەلانە بەرز بکرێتەوە، چونکە ئێمە زانیاریمان ھەیە و ڕێگە نادەین ئەوەی لە کۆگاکانە نرخیان بەرز بێتەوە، چونکە بە نرخی کۆن کڕیویانە و بە نرخی ئێستا نییە و ماوەیەکە ھاوردەکردنی کەلوپەل ئەستەم بووە، بەڵام ئەوەی ھەیە نابێت بیشارنەوە و نرخی گران بکەن و بەردەوامیش چاودێری دەکەین.''

سەروەر کەمال ھاواری گوتیشی: ''نەک تەنھا لە کاتی دەوامدا بە شەویش تیمەکانی ئێمە دەگەڕێن و چاودێریی بازاڕ دەکەن، بۆیە تیمەکانی ئێمە نەک تەنھا لە پارێزگاکان لە ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکانیش لە ھەموو شوێنێک تیممان ھەیە و ھەموو شوێنێک بەسەر دەکەنەوە و چاودێری دەکەن.''

ھاواری باسی لەوەش کرد: ''دەوامی ئێمە کاتی دیاری نییە و تیمەکانمان شەو و ڕۆژ کار دەکەن، بۆیە خۆراکی پێویست لە کۆگاکان ھەیە و ئێمە ئەزموونیشمان ھەیە لەو قەیرانانەی دروست دەبن، لە کاتی کەرەنتینەدا چەندین مانگ ھاتوچۆ نەبوو، ئێمە توانیمان دۆخەکە تێپەڕێنین و بازرگانەکانمان کۆ کردەوە و ئاسانکاریمان بۆ کردن، بۆ ئەوەی خۆراک بێنن لە شوێنی دیکە و ئێستاش ئێمە پلانمان ھەیە ئەگەر شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا درێژە بکێشێت لە وڵاتێکی دیکە کەلوپەل دێنین و کۆگای زۆریشمان ھەیە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین قەیران دروست بێت و ھەموو ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان دەکەین و ڕێگە نادەین خۆراک لە ھەرێمی کوردستان کەم بێت، چونکە جگە لە ھاوردەکردن ئێمە بەردەوام بەشی خۆشمان لە خۆراکی مانگانە لە عێراق وەردەگرین و بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار