لەمەودوا لە ھەر کوێیەکی عێراق و ھەرێمی کوردستان شۆفێر سەرپێچی بکات سزا دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژوورێکی ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست کراوە و لەمەودوا ھەر شۆفێرێک لە ھەر ناوچەیەکی عێراق و ھەرێم سەرپێچی بکات، لەسەری تۆمار دەکرێت و ھەر ھاووڵاتییەکیش کارێکی ھەبێت پێویست ناکات بچێتە بەغدا، یاخود لە بەغدا بێتە ھەرێم لە ڕێگەی ئەو ژوورە ھاوبەشەوە بۆی جێبەجێ دەکرێت.
عەمید ئەسعەد کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ژوورێکی ھاوبەش لە نێوان ھاتوچۆی ھەرێم و بەغدا دروست کراوە و ئێستا کەوتووەتە کار، مەبەست لە دروستکردنی ئەو ژوورەش ئەوەیە کە زۆر جار دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا دەگیرێت لە عێراق، یان لە ھەرێم، یاخود نووسراوێک لە بەغدا بۆ ھەرێم دەکرێت، یان لێرە بۆ بەغدا دەکرێت کاتێکی زۆری پێویست بوو، ئێستا ئەو کارە زۆر ئاسان کراوە و جگە لەوەش، بڕیارە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان یەک بخرێت".
گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش ئەوانەی سەرپێچی دەکەن کە ژمارەیان عێراقە لە ھەرێم، یاخود بەپێچەوانەوە، یەکتر ئاگادار دەکەینەوە و سزایان بۆ ھەژمار دەکرێت، بۆیە لە ھەر کوێیەک سەرپێچی بکرێت، بۆیان ھەژمار دەکرێت، ئیدی کەس ناتوانێت سەرپێچی بکات لە ھەر کوێیەکی ھەرێم و عێراق بێت، بۆیە پێویستە شۆفێران لەوە ئاگادار بن".
بڵند ئیبراھیم




