ڕێبەر ئەحمەد: باوەڕیمان بەو شتانە هەیە کە دەیڵێین و جێبەجێی دەکەین

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ''دەنگی یەکسانی''دا وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕیمان بە مافی ئافرەت و بە یەکسانی هەیە و ئەم کابینەیە پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە.
ڕێبەر ئەحمەد لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: ''دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم، هەروەها یونیسێف کە هاوکارێکی سەرەکیی ئێمەن لە ئەم پرۆژانە و سوپاسێکی بێپایانیش ئاراستەی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین کە هەمیشە بۆ پشتگیریکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕیزی پێشەوە بوون، لەگەڵ یوئێن و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هەموو ئەو دامەزراوانەی کە گرنگی بە مافی ئافرەت و یەکسانی و منداڵ دەدەن و هیوادارین کە بەردەوام بن''.
وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە کردنەوەی ''دەنگی یەکسانی'' ڕایگەیاند، ئەم کارە، کارێکی هاوبەشە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوئێن و لەگەڵ دۆستانمان درێژەی پێ دەدەین و گوتیشی: ''ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕیمان بەو شتانە هەیە کە دەیڵێین و جێبەجێی دەکەین و تەنها بۆ موجامەلە و بۆ ڕاگەیاندن باسی ئەم بابەتانە ناکەین، ئێمە باوەڕیمان بە مافی ئافرەت و بە یەکسانی هەیە و ئەم کابینەیە پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە و گەیشتن بە ترۆپکی ئەم خەباتە بۆ ئەوەی ئافرەتان لە کوردستان بە کردەوە هەست بە یەکسانی بکەن و هەست بە پارێزگاری بکەن و هەستیش بکەن کە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئیدارەکردنی وڵات و بەشدارن لە بڕیارە سیاسییەکاندا''.
ڕێبەر ئەحمەد بە ئاماژە بەوەی کە لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەم حکوومەتە هەستی بەوە کردووە کە دەبێ گرنگی بە ئافرەتان بدرێت و دەبێ ئافرەتان بەشێک بن لە بڕیاردەران و ئێدارەدەرانی وڵات، گوتی: ''ئەم بابەتە پرۆسەیەکە پێویستە بەردەوام گرنگیی پێ بدرێت و کاری جدیی بۆ بکرێت، بۆیە هەر زوو یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو کە ساڵانێکە کاری پێ دەکەین بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان. ئێستا دوای ئەوەی کە چەند ساڵێکی بەسەر چووە، وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کارێکی زۆر جدیمان کردووە بۆ ئەوەی کە یان زۆر بەشی ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە، یان یاسایەکی نوێ دەربچێت کە لەگەڵ سەردەم بگونجێت و ئەو بۆشاییانەی لە یاساکەدا هەن پڕ بکرێنەوە''.
وەزیری ناوخۆ ئاشکرایشی کرد: ''ئێمە پێشتر لە وۆرکشۆپێکدا کە تایبەت بوو بە مافی ئافرەتان بەشدار بووین کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەتان لەوێ بوون، لەو وۆرکشۆپەدا پێشنیازی زۆر باش کرا کە بێجگە لە وەزارەتی ناوخۆ، دەبێ هەموو وەزارەتەکانی دیکەش لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، وەکوو وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتە ڕۆشنبیرییەکانی دیکەش''.
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتدا ڕێبەر ئەحمەد گوتی: ''ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم بابەتەدا زۆر گرنگ و سەرەکییە و لێرەدا سوپاسی ئەو کەناڵانە دەکەم کە گرنگی بە مافی ئافرەت دەدەن و هەوڵ دەدەن دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت و منداڵ و خێزان بنبڕ بکرێت''.
گوتیشی: ''بەداخەوە هەندێک جار لە هەندێک ڕاگەیاندندا دەبینم زۆر بە ناپرۆفیشناڵانە کار لەسەر توندوتیژی دەکەن و جۆرێک لە هاندانی تێدایە بۆ ئەوەی خەڵکێک توندوتیژی بکات، ڕاگەیاندن بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، ئێمە لە وڵاتێک دەژین کە باوەڕێمان بە ئازادی هەیە، ئێمە خەباتمان کردووە و خوێنمان ڕشتووە تاکوو گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژە و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ هەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ماندووبوون و ئاوارەیی و دەربەدەری و نەهامەتیی ئافرەت و پیاوی کوردستانە، بۆیە قەناعەتمان وایە کە دەبێ ئافرەت ئازاد بێت، بەڵام ئازادی نابێ بە شێوەیەک بێت کە توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە، زۆر جار لە سۆشیالمیدیا و لە ڕاگەیاندن بۆ پیاوان و ئافرەتانیش هاندانی تێدایە''.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش کرد: ''پێم وایە بوێریی تێدایە بۆ کەناڵێک کە باسی کێشەی ئافرەتان بکات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەستەیەکی پرۆفشناڵ لەپشت ئەو بەرنامانەوە بن و لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و هەموو ڕووەکانەوە لێک بدرێتەوە و ئەو قسەیەی پێشکەشکارێک لەسەر تەلەڤزیۆن دەیکات دەبێ بیری لێ بکاتەوە، چونکە هەموو خێزانێک سەیری ئەم بەرنامەیە دەکات، ڕەنگە زۆر کەس لە کوڕان و کچان و دایکان و باوکان لەژێر فشارێکی دەروونیدا بن و ئەم بەرنامەیە هانیان بدات بۆ توندوتیژی''.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ''کۆمەلگەی ئێمە، کۆمەڵگایەکی زۆر ئاشتیخوازە و ژمارەی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەکوژرێن، هەرچەند کوشتنی یەک کەسیش هەر زۆرە و من ناڵێم کەمە، بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکرێت لە نێوان کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمەڵگەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیاش، دەبینن ژمارەی کوشتنی ژنان لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانیش زیاترە لەو ژمارەیەی لە کوردستان هەیە، بۆیە ئێمە میللەتێکی زیندووین و حەزمان لە ژیان و پێشکەوتنە''.
ڕامان وریا




