کێشەکە بە جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش چارەسەرکراوە

ههولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند، ھەماھەنگیەکی زۆر باش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و پێشتر ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکرا لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، بەڵام ئێستا کێشەکە بە جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش چارەسەرکراوە و جووتیارانی کورد بە ئازادانە زەوییەکانی خۆیان بەکاردەھێنن و کەس ناتوانێت ڕێگریان لێ بکات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا ھەماھەنگیەکی زۆر باش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و کاری ھاوبەش بەردەوام ئەنجامدەدرێت و لە ئێستادا لە زۆرینەی ناوچە کوردستانیەکان ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە، لە ھەر شوێنێکیش پێویستی پێی ھەبێت کاری ھاوبەش ئەنجام دەدرێت".
تەڵعەت گوتیشی: "پێشتر لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان ڕێگری لە جووتیارانی کورد لە چەندین گوند دەکرا زەوییەکانیان بەکار بێنن، بەڵام ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ جێگیرکراوە لە ناوچەکە و ئێستا جووتیاران بە ئازادانە و بێ ڕێگری زەوییەکانیان بەکاردێنن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی باشە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە".
ناوبراو وتیشی: "لە ئێستادا کەس ناتوانێ ڕێگری لە جووتیارانی کورد بکات لە گوندەکانی سنووری سەرگەڕان و کەسیش ناتوانێت گرفتیان بۆ دروست بکات، چونکە ھێزی پێشمەرگەی لێیە و پارێزگاریان لێ دەکەن".
بڵند ئیبراھیم




