٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سلێمان بۆ KDP: خەریکە ژن کوشتن دەبێت بە دیاردە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لەم سەردەمەی ئێستادا لە کوردستان بارودۆخی ئافرەتان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئافرەتان ھاوشانی پیاوان بەشدارن لە گشت ئەرکەکان، بەڵام سکرتێری یەکێتی ئافرەتان دەڵێت، لەگەڵ پێشکەوتن، تا ئێستاش بیر و ھزری کوشتن لەنێو عەقڵی چەند نێرێکدا ماوەتەوە لەژێر ناوی ناموس و شەرەف و کاری جیاجیا ئافرەتان دەکوژن.

په‌یوه‌ست به‌ ٨ـی مارس و ڕۆژی ئافرەتانی جیھان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دکتۆر ڤیان سلێمان، بۆ ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "ھیوادارم ڕۆژی جیھانی ئافرەتان ببێتە ھۆی ھەڵوەستە لەسەرکردن، لەنێو کۆمەڵگای کوردستان لەسەر پرسی ئافرەت، بە تایبەتی ئەم بارودۆخەی ئێستای ئافرەتان پێیدا تێدەپەڕن، پێش ھەموو باسێک سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی کۆچکردووانی ڕێگای یەکسانی بە تایبەت گیانی ئەم شەش ئافرەتەی لە ماوەی ئەم دوومانگەی ئەم ساڵ کوژراون، ڕووحیان شادبێت".

د.ڤیان، زیاتر دەڵێت: "لە کوردستاندا بارودۆخی ئافرەتان لە زۆر ڕوانگەوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، لە ڕووی بەشداری لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و لە ڕووی خوێندن، پاڵپشتی یاسایی، بەشدار لە داموو دەزگا حکوومی و حیزبی و سیاسییەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەداخەوە کە ھێشتا ھەندێک ھزری پیاوسالاری و بیری داخراو لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا ماوە و لە ژێر ناوی جیاجیا و بە تایبەت شەرەف و ناموس، دایک و خێزان و خوشک و کچەکانیان دەکوژن و دەسوتێنن بیر لە کوشتنیان دەکەنەوە، بە داخەوە لەم ماوەیە زۆر پەرەی سەندووە و خەریکە ژن کوشتن لە نێو کۆمەڵگاکەمان لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە، بۆیە پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین و ھەموومان بەیەکەوە بیر لە ڕێگە چارەسەرێک بکەینەوە، ڕێگە چارەسەرییەکان تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی ھۆشیاری پەروەردەوە دەبێت، لە ڕێگەی کارکردنی بەردەوام بۆیان دەبێت".

ناوبراو، دەشڵێ: "پرسی ئافرەت پرسێکی سێ ڕەھەندییە، دەبێت لەسەر خودی ئافرەت کاربکەی، دەبێت لەسەر پیاو کاربکەی، ھەروەھا دەبێت لەسەر عەقڵی گشتی کۆمەڵگە و کلتوری کاربکەی، زۆر بەداخەوە بەرامبەر بەم تەکنەلۆژیاکارییەی سەردەم، ئێمە وەک کوردستان نەمانتوانیوە سودێکی گەورە لەم پێشکەوتنەی سەردەم ببینین، نەمانتوانیوە بەلایەنە ئەرێنیەکەیەوە سوودی لێ ببینین، بەڵکو بە داخەوە لێککەوتەی کۆمەڵایەتی زۆر خراپی لێ کەوتۆتەوە ئەمەش یەکێکە لەم ھۆکارانەی بۆتە ھۆی ئەوەی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان لە زیاد بووندایە".

د.ڤیان سلێمان، گووتیشی: "ئێمە وەک یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین چالاکی و ۆرکشۆپی ھۆشیاریمان ھەیە بۆ ئافرەتان، ھەرچەندە بە نسبەت ئافرەتان، ھەموو ڕۆژێک ڕۆژی ئافرەتانی جیھان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتییە، بۆیە کارکردن بۆ پرسی ئافرەت و کارکردن بۆ گەڕانەوەی شکۆی مرۆڤ بوون بۆ ئافرەت، بۆ یەکسانکردنی پێگەی ئافرەت لەگەڵ پیاو و ئازادی ئافرەت کە خۆی لە خاوەنداریەتی بەرھەم و بڕیاردا دەبینێتەوە، ئەمە بەرنامە بەردەوامەکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە کە بە ئامرازی جیاواز، ھەموو ڕۆژەکانی ساڵ کاری لەسەر دەکات نەک تەنیا یەک ڕۆژ باس لە ئافرەت و مافەکانی بکەین".

ڤیان ئاماژە بەوەش دەکات: "لە ئەمڕۆوە لە ڕێگەی ئەنجوومەنەکانمانەوە، چەند چالاکیەک پێشکەش دەکەین، کردنەوەی چەند پێشانگایەک بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و پێگەی ئافرەت و، چەند دیدارێکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی بۆ ئافرەتان، ھەروەھا گرنگیدان بە لایەنی تواناسازی ئافرەتان و یادکردنەوەی ئەم ئافرەتانەی لە ساڵانی ڕابردوو لە کۆندا پێشەنگی ئافرەتانی کوردستان بوونە و شان بەشانی پیاوان خەباتیان کردووە بۆ گەیشتنی کوردستان بە کەناری ئارامی، ھەروەھا لە درێژەی کاروچالاکییەکان، ڕەخساندنی چەند ھەلێکی کار بۆ ئافرەتان، چەند پێشنیارێک بۆ ئۆرگانەکانی پەیوەست بە پرسی ئافرەت کە چۆن لێرە بەدواوە بەیەکەوە گشتمان کار بۆ ئەوە بکەین، بیر و ھزری ژن کوشتن کاڵ بکەینەوە لە کۆمەڵگە و کوردستانەکەمان".

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار