ئاراس خۆشناو: لە سلێمانی ئەو داھاتەی کۆدەکرێتەوە نە بۆ حکوومەتی دەنێرن و نە لەوێش خەرجی دەکەن

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ و دکتۆرا لە کارگێری دارایی دەڵێت، لە ئیدارەی سلێمانی ژمارەی ڕاستەقینەی داھات نادەن و ئاشکراشی ناکەن، ئەو داھاتەی کۆدەکرێتەوە نە بۆ حکوومەتی دەنێرن و نە لەوێش خەرجی دەکەن، ئەمەش گرفتی دروست کردووە، بەڵام حکوومەت بە جدی لەسەر خەتە کە ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە، چونکە داھات مافی ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستانە و ناکرێت بە نایاسایی بچێتە سەر ھەژماری دیکە.
مامۆستای زانکۆ و دکتۆرا لە کارگێری دارایی، دکتۆر ئاراس قادر خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کە باسی داھاتی گشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ئەو داھاتە لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکی ئەوەیە ئەو پارەی دەمێنێتەوە کە ڕێژەی ٤١% لە فرۆشتنی نەوت و ئەوەی دیکەش داھاتی ناوخۆیە، بۆیە لە ھەر شوێنێک داھاتی ناوخۆ وەکو پێویست کۆ نەکرێتەوەو نەیەتەوە ناو ھەژماری گشتیی حکوومەت کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی داھاتی حکوومەت، ئەوەش کێشەی بۆ مووچە و خەرجییەکانی حکوومەت دروست دەکات، کە خەرجی بەکاربەرە، چونکە حکوومەت تەنھا مووچەی نییە و خەرجی دیکەشی ھەیە، دووەم ئەوەی دەبیستین ھەندێک کێشە لەناو ھەندێک خەڵك لە ئیدارەی سلێمانی ھەیە کە پێشتریش وابووە، ژمارەی ڕاستەقینەی داھات نادەن و ئەو داھاتەی کۆدەکرێتەوە نە بۆ حکوومەتی دەنێرن و نە لەوێش خەرجی دەکەن".
دکتۆر ئاراس قادر گوتیشی: "وەزیری دارایی چەند مانگێک لەوێ بوو خەریکی ڕێکخستنی ئەو کارانەیە کە بتوانن بەچ ئالیەتێک ئەوەی ھەیە داھاتەکە چۆن کۆبکەنەوە و داھاتەکە بۆ ھەژماری گشتیی حکوومەت بگەرێتەوە و نەچێتە ھەژماری دیکە بەنایاسایی، بۆیە گرنگە ئەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە و داھات کۆبکرێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەرێتەوە و دواتر دابەش بکرێتەوە بۆ گەنجینەکانی دیکە، ئەوەی ھەیە پێویستە لە ھەموو کوردستان باج و رسومات و داھاتی حکوومەت وەکو یەک بێت و ناکرێت لە شوێنک جیاواز بێت لە شوێنێکی دیکە و بە ئارەزووی کەسەکان بێت، لە ھەمووش ترسناکتر ھەولێر و دھۆک لەلایەک بووە و سلێمانیش لەلایەک تا ئێستا تەمویل بەو شێوەیە ٥٧% تەمویل لە ھەولێر و دھۆکە و٤٣% لە سلێمانییە و، پێویستە بە ژمارە ڕەوانەی بکەن، بەڵام ئەگەر سلێمانی بەشێکی ڕەوانەی ناو ھەژمارەی گشتی نەکات و داوای ٤٣% بکات کێشە دروست دەبێت".
خۆشناو ڕوونیشی کردەوە: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە پێویستە یاسا جێبەجێ بکرێت و داھاتی حکوومەت بۆ حکوومەت بێت و بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نەبێت و ھەمووی لەژێر چەتری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە پێویستە خەڵک لەو کەسانە بپرسن، کە لەوێن ئایە ئەو داھاتەی ھەیە ڕەوانەی ھەژماری گشتیی حکوومەت دەکەن یاخود نا، بۆیە ئەوەی ھەیە داھاتی سلێمانی بە ھەڵەبجەشەوە ناخرێتە سەر ھەژمارەی گشتی حکوومەت، کە ناینێرن کێشە و گرفت دروست دەبێت، بۆیە وەزارەتی دارایی بەپێی داھات مامەڵە دەکات و ئەگەر لە سلێمانی نەیەت دەبێتە ھۆکاری ئەوەی مووچە لەکاتی خۆی نەدرێت، بەڵام ھیوادارین لەم مانگە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
ناوبراو وتیشی: "ھەوڵی جدی ھەیە و حکوومەت کار دەکات ئەو بابەتە بەو شێوەیە نەمێنێت و ئێستاش کە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە سەرباری بڕیاری سیاسیی دادگای فیدڕاڵی دۆخەکە بە ئاراستەیەکە داھاتەکە بەشی مووچە و خەرجییەکانیش بکات بە مەرجێک نابێت کەسێک یان لایەنێک داھات نەدەنەوە وەزارەتی دارایی و پێویستە سەرجەم داھات بگەرێتەوە کە مافی سەرجەم خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و سوودیش لە ھەلەكانی خۆمان وەرگرین کە نرخی نەوت زیاد بووە بۆ ئەوەی پەرە بەژێرخانی ئابووری خۆمان بدەین".
بڵند ئیبراھیم




