٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''لە دھۆک ھۆشداری دراوەتە بازرگانان لەبارەی گرانفرۆشییەوە"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- چەند ڕۆژێکە نرخی ھەندێ کەلوپەل لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و بەرپرسێکی چاودێرانی بازرگانییش لە دھۆک دەڵێت، ھۆشداریمان داوەتە بازرگانان لەبارەی گرانفرۆشی و دەستکاریی نرخەوە.

شوکری بەندی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چاودێری بازرگانی لە دھۆک ھەوڵەکانی چڕ کردووتەوە بۆ چاودێریی بازاڕ و لە ڕێگەی شەش لیژنەی تایبەتمەندەوە ڕۆژانە چاودێریی ڕەوشی بازرگانی و ڕەوشی بازاڕ و نرخی کەلوپەل دەکەن، ڕۆژانە نرخ دیاری دەکرێت لەسەر کەلوپەل بۆ ئەوەی لای ھاووڵاتییان ئاشکرا بێت نرخی ھەر کەلوپەلێک چەندە لە بازاڕ، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا.''

بەرپرسەکەی چاودێریی بازرگانیی دھۆک دەشڵێت: "دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا گۆڕانکاری بەسەر نرخەکاندا ھاتووە و ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە لە سەرچاوەوە نرخ بەرز بووەتەوە و ئێمە تەنیا دەتوانین چاودێری بکەین بۆ ئەوەی خەڵکێک دەرفەت لە بازاڕ وەرنەگرێت بۆ ئەوەی نرخ زیاتر لە ڕادەی خۆی بەرز بکاتەوە.''

شوکری بەندی ڕوونی کردەوە: "ھەموو بازرگان و فرۆشیاران ئاگادار کراونەتەوە ھەرکەس و شوێنێک وەک دەرفەت دەستکاری نرخ بکات، سزا دەدرێت، ھەروەھا ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین ھیچ بازرگانێک بۆی نییە کەلوپەل و خۆراک کۆگا بکات تا دواتر بە نرخی گران لەسەر بازاڕ بیفرۆشێت، ڕۆژانەش چاودێریی بازاڕ دەکرێت و ھەر کەسێک سەرپێچی بکات ئەوە لەلای لیژنەکانمانەوە سزا دەدرێت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار