جێگری پارێزگاری مووسڵ: لە تەرخانکردنی بودجە بۆ شنگال غەدری لێ کراوە
_(11)__2022_03_06_h15m53s21__ER.jpg)
مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی، لە تەرخانکردنی بودجە بۆ شنگال غەدری لێ کراوە، چونکە لە ھەموو مووسڵ زۆرترین زیان بەر شنگال کەوتووە، بۆیە پێویستە حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێت لە کاتی تەرخانکردنی بودجەدا کەچی بەشە بودجەیەکی کەمی بۆ دانراوە .
جێگری پارێزگاری مووسڵ، ڕەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو پارەیەی حکوومەتی عێراق بۆ مووسڵ و دەوروبەریی ناردووە ٣٦٠ ملیار دینارە و لەو بودجەیە پشکی شنگال ٢٨ ملیار دینار دانراوە کە پارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بە ئەو زیانە زۆرەی بەر شنگال کەوتووە لە ڕووی مادی و گیانییەوە، بۆیە پێویست بوو لە بودجەدا پشکی شێر بەر شنگال بکەوێت، چونکە ئەو پارەیەی دانراوە بڕێکی کەمە و بەشی ئەوە ناکات کێشە خزمەتگوزارییەکانی شنگالی پێ چارەسەر بکرێت''.
جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: ''پێویست بوو حیسابێکی تایبەت بۆ شنگال بکرێت و بڕێکی زۆر زیاتری بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، چونکە شنگال لە پارێزگای مووسڵ زۆرترین زیانی بەر کەوتووە لە ڕووی گیانی و مادییشەوە، بەڵام ئەو بڕە پارە کەمەیان بۆ تەرخان کردووە.''
ڕەفعەت سمۆ گوتیشی: ''ئێستا دەست بە خەرجکردنی پارەکە دەکرێت و دەدرێتە بەڵێندەران بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فەرمانگەکانەوە لە ھەموو سێکتەرەکانی شنگالدا پڕۆژە جێبەجێ بکرێت، چونکە شنگال بەھۆی شەڕی داعشەوە وێران بووە و پێویستی بە ھەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک ھەیە.''
بڵند ئیبراھیم




