وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نوێی دەرکردووه

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش بڕیاری داوە سەرجەم پاڵاوگەکان مۆڵەتەکانیان نوێ بکەنەوە بەو مەرجەی پێویستە ئەو رێنمایانەی دەستەی ژینگە جێبەجێ بکەن.
ئازاد نووری عەوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پاڵاوگەکان لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی یاسایی و ئەوانەی نایاسایین و پۆڵینکردنیان، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داوای کردووە و بڕیارێکی نوێشی دەرکردووە، کە پێویستە بە زووترین کات سەرجەم پاڵاوگەکان مۆڵەتی خۆیان نوێ بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش مەرجی قورسیان بۆ دانراوە و ڕەنگە ھەمووان نەتوانن مەرجەکان جێبەجێ بکات، چونکە پێویستە بە جۆرێک کار بکەن کە بەشێوەیەکی زانستی بێت و ھیچ کاریگەری خراپیان بەسەر ژینگەوە نەبێت و ھەموو مەرجە تەندروستی و ژینگەییەکانیان تێدابێت".
بەڕێوەبەری ھونەری دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوو ھەڵمەتێکمان دەست پێکرد بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و ٢٨ پاڵاوگەمان داخستن، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێی باش بوو لەو ڕێگەیەوە کێشەی پاڵاوگەکان چارەسەر بکات، چونکە جگە لە ئەوان ئێمەش کۆمەڵێک رێنمایی نوێمان لە ڕووی ژینگەیەوە دەرکردووە و لە ڕۆژنامەی وەقائیعیش بڵاو کراوەتەوە، لەوانە پێویستە بە ھیچ شێوەیەک ھیچ کاریگەری خراپیان لەسەر ھەوا پیس بوون نەبێت و ئامێری ڕێگریکردن لە پیسبوونی ھەوا دانێن بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی، بۆیە گرنگترین رێنمایی ئەوەیە نابێت ئەو پاڵاوگانە کاریگەریان لەسەر پیسبوونی ژینگە ھەبێت، چونکە تا ڕای ئێمە وەرنەگرن مۆڵەتیان بۆ نوێ ناکرێتەوە و ئێمەش تاوەکو ڕێنمایەکان جێبەجێ نەکەن ڕێگەیان پێ نادەین، بۆیە رێنمایەکانی ئێمە لە بارەی ژینگە ٣٣ لاپەرە دەبێت".
ئازاد نوری ڕوونیشی کردەوە: "رێنماییەکانی ئێمە لە بارەی چۆنیەتی کارکردن و پێوەرەکانی کارکردن کێن و ئەوانەی ڕێگەپێدراوە کار بکەن و کوالێتی ھەوا و فیلتەرەکانی ھەوا و سنووری رێپێدراو و ماددە ھەڵواسراوەکان کە خاڵی زۆر گرنگ و باش لەخۆ دەگرێت و ئەگەر لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت کە وا کاری بۆ دەکەین ژینگەیەکی خاوێن و کەش و ھەوایەکی تەندروستمان دەبێت، بۆیە ھەموو خاڵەکان لە رێنمایەکان ھەیە بە جۆرێک پێویستە کارکردنیان ھیچ کاریگەری خراپی لەسەر ژینگەی ھەرێم نەبێت و ببێتە ھۆی پیسبوونی و کێشەی تەندروستی دروست بکات، ھەروەھا کارێکی زۆر باشمان کردووە و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش بۆ کارکردنی ئەوان کردوویەتیە مەرج تاوەکو مۆڵەتیان نوێ بکاتەوە".
بڵند ئیبراھیم




