جێگری جینین پلاسخارات په‌یامێك ده‌داته نوێنه‌رێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

هەولێر -KDP.info- به‌پێی زانیاریی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شنگال له‌لایه‌ن په‌كه‌كه و گرووپه نایاساییه‌كانه‌وه وای كردووه كه دۆخی شنگال ته‌واو ئاڵۆز بێت و به‌شێك له دیله داعشه‌كان و هه‌ڵاتووه‌كانی داعش له سووریا مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچەیە و سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه و، ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش زانیاری ده‌خاته ڕوو.
دۆخی شنگال ئاڵۆز ده‌بێت، له لایه‌ك په‌كه‌كه و گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه و له لایه‌كی دیكەوە شنگال بووه‌ته شوێنی ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی ترسناك، له هه‌موویان مه‌ترسیدارتر بابه‌تی جووڵه‌ی داعشه كه له سنووری سووریا و عێراقه‌وه بووەته ڕۆژه‌ڤ، به‌شێكی زۆری داعشه‌كان، ئه‌وانه‌ن کە له كه‌مپی هۆڵ و كه‌مپه‌كانی دیكه ڕایان كردووه، یان ئه‌و داعشانه‌ی كه له سووریاوه جووڵە‌یان هه‌یه و به سنووری شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌دا هاتوچۆی عێراق ده‌كه‌ن و، به‌شێكیان به‌م دوایییانه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه، بۆیە جووڵە‌ی داعش ته‌واوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی نیگه‌ران كردووه، چونكه به‌شێك له‌و داعشانه‌ی له‌م دواییەدا له مه‌خموور و سه‌رگه‌ڕان و ناوچه‌كانی دیكه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه كردووه، ئه‌وانه بوون كه له سووریاوه بۆ عێراق جووڵە‌یان كردووه و، به‌شێكی دیكه‌ی گرفتی ئه‌و ناوچانه ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی عێراق به‌شێك له ژن و منداڵ و خێزانی ئه‌و چه‌كداره داعشانه وه‌رده‌گرێته‌وه و به‌نیازه له نزیك شنگال و باشووری مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه كه‌مپیان بۆ بكاته‌وه، ئه‌مەش نیگه‌رانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و هۆشدارییان له‌و بارەوە داوە.
دیندار زێباری، ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''خێزانه عیراقییەکانی داعش لە كه‌مپی هۆل له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه و هاتوون بۆ ئەو ناوچانە و ئیستا زۆربه‌ی خێزانه داعشه‌كان له‌و ناوچانه‌ن و ئێمه بۆچوونی خۆمان ڕاگه‌یاندووه و له‌دژی ئه‌وه‌ین كه دیله‌كانی داعش و خانه‌واده‌كانیان له شنگال و ئه‌و ناوچانه نزیك بكرێنه‌وه، چونكه ئه‌مه مه‌ترسیی ده‌بێت له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان.''
ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕوونیشی کردەوە: ''ئه‌و خێزانه داعشانەی كه عێراق قبووڵی كردووه بێنه ناو عێراقەوە زۆرن و ده‌گه‌نه سەدان كه‌س، ئێمه‌ش نیگه‌رانین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه مه‌زهه‌بی جیاوازیان تێدایه و نزیكه‌ی 100 هه‌زار ئێزدی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه و له ساڵی 2021 نزیكه‌ی 200 هاووڵاتیی مه‌ده‌نی له‌و ناوچانه به‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش شه‌هید بوون.''
دیندار زێباری گوتیشی: ''له قاهیره له كۆنگره‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی باسمان له‌وه كرد كه خه‌ریكه داعش له‌و ناوچانه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه نه‌توانراوه پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌و ناوچانه دروست بكرێت، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی سووریا به‌شێك له داعشه‌كان له‌و سنوورانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا له كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له گوندی حه‌ردان، جێگری جینین پلاسخارات، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق, ڕایگەیاند كه چاره‌سه‌ری ئه‌و ناوچانه جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگاله له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و داوای له لایه‌نه‌كانی عێراق كرد كه ته‌نیا ڕێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و ناوچانه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ش ئەوەیە کە ڕێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ بكرێت و به‌بێ ئه‌و ڕێككه‌وتنه ئاسته‌مه ئه‌و ناوچه‌یه ئارامی به خۆیەوە ببینێت".
ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه پێش هاتنی داعش‌یش بۆچوونمان ئه‌وه بووه كه هێزێكی هاوبه‌ش هه‌بێت له نێوان پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و پۆلیسی عێراقیش كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ڕێككه‌وتنی شنگال. كاتی خۆی له ساڵی 2007 بۆ 2011 هێزێكی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌مه‌ریكا و سوپای عێراق و پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه هه‌بوو کە زۆر باش بوو، له‌به‌ر ئه‌وه هاوكاریی هه‌واڵگری و لۆجستی و سه‌ربازیی هاوپەیمانان بۆ ئه‌م ناوچه زۆر گرنگه و ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه نه‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، په‌یامه‌كه‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زۆر ڕوونه کە مه‌ترسیی جدی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه هه‌یه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێكی زۆری شنگال و ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا نائارامییان تێدایە، به‌تایبه‌ت له شه‌واندا كه جووڵە‌یه‌كی زۆری نائاسایی له ده‌روازه سنوورییه‌كان هه‌یه و به‌شێك له‌و جووڵانه وای كردووه كه حكوومه‌تی عێراق لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێک بێنێت بۆ ئەوەی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌و ناوچانه ڕاپۆرتێك ئاماده بكرێت،
لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له ژووری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراقیش بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال ده‌یكات، پێشێلكردنی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه هه‌تا ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا جێبه‌جێ نه‌كرێت و دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، كاتی خۆیشی په‌كه‌كه ته‌حه‌دای سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی كرد و ڕێگریی كرد له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له شنگال و به‌م كاره ئه‌وه‌نده‌ی دیكه دۆخی ناوچه‌كه‌ی ئاڵۆز كرد و كاتی خۆی وه‌ك فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌بوو، سه‌رۆكوه‌زیران زۆر نیگه‌ران بوو له‌و هه‌نگاوانه‌ی په‌كه‌كه و به پێشێلكردنی ناو برد و هه‌ر ئه‌وكات بریاری دا كه ژوورێكی هاوبه‌شی سه‌ربازی پێک بێت به سه‌رۆكایه‌تیی خۆی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی كه ڕێگری له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت. كه‌وایه ئه‌وه‌ی له شنگال ده‌كرێت له ده‌ره‌وه‌ی ویستی ده‌وڵه‌ت و سه‌رجه‌م ڕێككه‌وتنه‌كانه.''
باسی له‌وه‌ش كرد كه پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ده‌توانن ئارامی بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێننه‌وه و له‌و بارەیە‌وه له ماوه‌ی ڕابردوودا كۆبوونه‌وه‌ی زۆر كراوه و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند پێک هاتووە، به‌ڵام له ئاستی جێبه‌جێكردنیدا كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه و ئه‌مه‌ش وای كردووه كه ئه‌و سنووره به مه‌ترسیداری بمێنێته‌وه و جووڵە‌ی داعش تا دێت ڕۆژانه زیاتر ده‌بێت و داعش مه‌ترسیی جدیه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه و ناكرێت هه‌روا به‌ئاسانی له‌و مه‌ترسییانه بڕوانین.
جەختیشی كردەوە كە ڕێككەوتنەكە گەرەنتیی پاراستنی كوردانی ئێزدی و خه‌ڵكی شنگالە و “نامانه‌وێت هێزی دیكه له شاره‌كه هه‌بێت و ئه‌وه‌ی گرنگه له‌وێ هه‌بێت ئه‌و هێزانه‌یه كه ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.''
ڕاپۆرتی کارزانی سەباح هەورامی




