لە دھۆک گەورەترین پارک دروست دەکرێت
__2022_03_05_h17m18s10__HK.jpg)
دھۆک -KDP.info- بڕیارە لە پارێزگای دھۆک گەورەترین پارک دروست بکرێت و ڕێکارەکانیشی تەواو بوون و تەنھا ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت، چونکە زەویشی بۆ تەرخان کراوە و تەنھا ماوە وەبەرھێنەرێک پارکەکە دروست بکات.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە لە پارێزگای دھۆک گەورەترین پارک دروست بکرێت و خەریکی ڕێکارە ئیدارییەکانین بۆ ئەوەی تەواو بێت و دواتر دەست بە دروستکردنی بکرێت، بۆ ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەوانە کراوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی دروستکردنی لەسەر بدرێت.''
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی: ''پارکەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای دھۆک لای ئالۆکە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت و ھەموو پێداویستییەک لەخۆ دەگرێت و بڕیاری دروستکردنی دراوە و خەریکی ڕێکارەکانین.''
هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لای ئێمە کارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی پارکی دھۆک تەواو بووە و ئێستا ماوە شارەوانیی دھۆک و وەبەرھێنان پێکەوە وەبەرھێنەرێک دیاری بکەن و دەست بە دروستکردنی پارکەکە بکرێت، ئێمە داوامان لێ کرابوو زەویی بۆ تەرخان بکەین و ئێمەش زەویمان بۆ تەرخان کردووە و کارەکان لای ئێمە تەواو بوون.''
ئەحمەد جەمیل ڕوونیشی کردەوە: ''پارکەکە زۆر گەورەیە و تەنھا ماوە وەبەرھێنەرێک بێت و دەست بە دروستکردنی بکات.''
بڵند ئیبراھیم




