محەمەد شوکری: سبەی لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەت کۆربەندەکە دەست پێدەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی لە شاری ھەولێر لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆربەندی پیشەسازی لە پێناو ڕەخساندنی بازاڕ و ھەلیکار ئەنجامدەدرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوکراتی کوردستان گوتی: "سبەی لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆربەندێکی گەورە لە ژێر ناوی کۆربەندی پیشەسازی لە پێناو ڕەخساندنی بازاڕ و ھەلیکار ئەنجام دەدرێت، گفتوگۆ دەکرێت لە بارەی ئەو ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێم ناویەتی لە ماوەی ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەی پێویستە ھەنگاو بنرێت لە ماوەی داھاتوو لە بواری پیشەسازی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ھەلیکار، بۆیە لە ماوەی ڕابردوو ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە و بە دەیان مۆڵەتی پڕۆژەی پیشەسازیمان داوە و بە ھەزاران ھەلیکارمان دابین کردووە، ھاوکات ئێستا ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن و پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی کاری لەسەر دەکەین، کە کاری نوێی پیشەسازی دەکرێت لە بواری پترۆ کیمیاوی و چەندین ھەنگاوی دیکە لە کۆربەندی سبەی باس دەکرێت".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "کۆمەڵێک ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێم دروست دەکرێت کە ١٢ ناوچەیەو ١٨ ھەزار ھەلیکاریشمان ڕەخساندووە، ئێستاش بۆ پڕۆژەکان ھەلیکار بۆ کرێکاری ناوخۆیی پێویستە ٧٥% بێت و نزیکە لە ھەندێک کارگە دەگاتە ١٠٠%، چونکە پێویستە کرێکار لە پڕۆژەکان ناوخۆیی بن".
سبەی رۆژی یەک شەممە کاتژمێر ٢:١٥ خولەک کۆربەندەکە دەست پێدەکات.
بڵند ئیبراھیم




