٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا گەیلانی: سه‌رۆك ٢ ڕۆژ لە ڕانیە مایەوە و نەخشەی ئازادیش داڕێژرا

سەرچاوە: KDP.info

ڕانـیـە-KDP.info- ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێدەپەڕێ کە لە ڕێککەوتی ٥-٣-١٩٩١ سەری ھەڵدا و دواتر ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دەڵێت، نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، بە تایبەت وردبینی و گەورەیی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین.

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، پەیوەست بە یادی ٣١ ساڵەی ڕاپەرین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ ٣١ ساڵ بەسەر ئەو یادە شکۆدارە تێدەپەرێت، ڕاپەڕین ڕووداوێکی گرینگ و وەچەرخانێکی مێژوویی بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە کوردی گواستەوە بۆ قۆناغێکی تر، ڕاپەرین بەرەنجامی زوڵم و زۆریی دەیان ساڵەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی عێراق بوو، ھەروەھا لێکەوتە و زادەی خەبات و تێکۆشانی ھەموو شۆڕشەکانی کوردستان بوو."

بیرۆکەی ڕاپەرین و سەرۆکی بەرەی کوردستانی.

گەیلانی باس لەوە دەکات، ھەر لە دوای داگیرکاریی کوێت لەلایەن ڕژێمی بەعس و شکستھێنانی سوپای بەعس دوای داگیرکارییەکە، جەنابی سەرۆک دڵنیا بوو لەوەی کە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت و ڕاپەرینێکی جەماوەری لە عێراقدا ڕوو دەدات، کە پێشتر سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکورک پێشبینی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کردبوو لە عێراقدا، بۆیە پەیامێکی ئاراستەی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد کە بەرەی کوردستانی لە ٨ حیزب پێکھاتبوو داوای کۆبوونەوەی ھاوبەشی کرد، کە دواتر جەنابی سەرۆک کۆبوونەوەیەکی بە بەرپرسە سەربازییەکانی پارتی کردوو پێی وتن کە چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە دەکەین و دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەو پێی وایە، یەکگرتوویی لایەنەکان خاڵی بەھێزی کورد بوو، بەڵام ئەوەش ناشارێتـەوە، کە وردبینی و گەورەییی جەنابی سەرۆک یەکێک بوو لە نھێنیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرین، چونکە ئەوکاتی پەیامێکی ئاراستەی ھێزی عێراقی کرد کە شەڕی خەڵکی نەکەن، ھەروەھا پەیامی ئاراستەی ھەموو خەڵکی کوردستان کرد کە بە یەکگرتوویی، خۆیان بۆ ڕاپەرین ئامادە بکەن".

ناوبراو ڕایشیگەیاند: "‌سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو و قیادەی ڕاپەڕینی کردووە، بە تایبەت نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ھێزەکانی کوردستان بوو، کە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا دەبینییەوە، ھاوکات دوای ڕاپەرین بە فەرمانی جەنابی سەرۆک لێبوردنی گشتیی بۆ ھەموو چەکدارەکانی ڕژێمی بەعس دەرکرد، کە ئەمەش وەک نیەت پاکی بوو کە پێیان بڵێ ئێمە نامانەوێت شەڕی ئەوان بکەین و دوژمنیان نین بەڵکو دوژمنی ڕژێمی بەعسین".

سەبارەت بە ھۆکاری ئەوەی کە یەکەم شوێن ڕاپەرینی تێدابکرێت شاری ڕانیە بێت، ھیوا گەیلانی لەمبارەوە دەڵێت: "پێشتر بڕیاردرابوو دەبێت لە ڕانیە و لە بەرواری ٧ی٣ ڕاپەرین بکرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی خەڵکی دەڤەری ڕاپەرین ھەمیشە خەڵکی شۆڕشگێر و کوردپەروەری لێبووە، ھاوکات مەڵبەندی کوردایەتی بووەو ئەوەندە بە حەماسیەت بوون بۆیە ڕاپەرین زووترو پێش ٢ ڕۆژ ڕوویدا، بێگومان زیاتر ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ڕانیە نزیکترین شوێن بوو لە ھێزی پێشمەرگەو لەسەر سنوور بوو".

ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕانیە.

گەیلانی کە بەشداربوویەکی ڕاپەرینە جەماوەرییەکەی ڕانیەیە، باس لەوە دەکات، کە ئێوارەی ٦ی٣ وەک یەکەم مەفرەزەی بەرەی کوردستانی کە ٤٠ کەس بووین داخیلی ناو ڕانیە بووین، پێشوازیی خەڵک لە پێشمەرگە بەو حەماسەتەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بە تایبەت بەشداری ئافرەتان زۆر بوو، دوای ئەوەی سەرۆک بارزانیش وەک سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ١١ی٣ ھاتە قاسمە ڕەش و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک خەڵکی تر داخیلی ناو ڕانیە بوو ئەو پێشوازییەی کە لەلایەن جەماوەر و ھەموو چین و توێژ و لایەنەکان لە سەرۆک بارزانی کرا ھەرگیز لەبیر ناکرێت ئەو ڕۆژە، بە تایبەت لە دوای ھاتنی سەرۆک خەڵکی ڕانیە دڵنیایەکی زۆری وەرگرت و ئەو دڵەراوکێیەیان نەماو ترسیان لە ھاتنەوەی ڕژێمی بەعس نەما، چونکە ئەمە گرینگ بوو بۆ خەڵکی کە سەرۆکی بەرەی کوردستانی بێتە ناو خەڵکی و دڵنیایان بداتێ، کە بەرێزیان ٢ ڕۆژ لە شاڕی ڕانیە مانەوە، دواتر ھەر لە ڕانیە نەخشە داڕێژرا کە چۆن شارو شاڕۆچکەکانی تر ئازاد بکرێن، بەتایبەت ھەولێر و کەرکووک".

ھەر لەمبارەشەوە، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی پەیامێکی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمان ھەیە و دەڵێت: "بێگومان بەرھەمی ڕاپەرین ٣١ ساڵ حوکمرانی خۆماڵی کوردستانیە، لە ماوەی ئەو ٣١ ساڵەدا، دەڤەڕی ڕاپەرین بەراورد بە دانیشتووانەکەیی و، لەگەڵ مێژوو و قوربانیدانی دەڤەرەکە خزمەتێکی زۆر نەکراوە، بۆیە پێویستی بە ئاوردانەوەی زیاتر ھەیە، ھەم لە ڕووی ئاوەدانی و ھەم لە ڕووی ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجانمان".

 

ھەڵکەوت محەممەد

هەواڵی پەیوەندیدار