فەتحی محەمەد: ڕێژەیەکێ زۆر ئارد لە بازاڕ ھەیە و گرانیی نرخ پەیوەستە بەو شەڕە جیھانییەوە

هەولێر -KDP.info- دوای جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا نرخی ئارد لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێت، ئاردی پێویست لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەڵکشانی نرخیش پەیوەندیی بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایناوە ھەیە.
فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان ٧٠٠ تا ٨٠٠ ھەزار تۆن گەنم بەرھەم دەھێندرێت، بەڵام بەھۆی زۆریی دانیشتووان و ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتیی بیانی ئەو گەنمە بەشی پێداویستیی ناوخۆ ناکات، چونکە ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنم ھەیە، ئەوەیش ھۆکارە کە پێویستمان بە بەرھەمی دەرەوە بێت.''
ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: "ساڵانە حکوومەتی عێراق بەرھەمی ناوخۆ لە جووتیاران دەکڕێتەوە و لەگەل گەنمی ڕووسیا و ئۆکراینا تێکەلی دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، لە ھەرێمی کوردستان بەشێکی بەرھەمی جووتیاران لەلایەن بازرگانیی عێراقەوە وەردەگیرێت و بەشێکی بە نرخێکی کەمتر دەدرێت بە کارگەکانی ناوخۆ.''
فەتحی محەمەد ڕوونیشی کردەوە: "بەھۆی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و پەیدابوونی ئاستەنگی گواستنەوە کاریگەریی کردووەتە سەر نرخی ئارد لە بازاڕەکانی جیھان، واتە قەیرانەکە تەنیا پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە، لە بازاڕی ھەرێمی کوردستان ئارد و گەنمی پێویست ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەو شەڕەی ڕووی داوە نرخی بەرەو بەرزبوونەوە چووە.''
قائید میرۆ




