سەرۆکی ھەرێم، دەستپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان کردووە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتی ھەرێم، دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیەکانیش کۆببنەوە، بۆیە ئێستا زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە.
زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەری کردووە بۆئەوەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانیش بکرێت، لە ئێستادا زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت، کە گرنگی زۆری ھەیە لەبارەی دۆخی ئێستادا و ھەوڵدەدرێت کۆبوونەوەکە بەجۆرێک بێت ئەنجامی ھەبێت".
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە لەوەدایە کە ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی و ئەوەی ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتدا دەکات و ئەوەی حکوومەت و پەرلەمانی پێکھێناوە و جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی پێکھێناوە حیزبەکانن و لە ئەوورپا و سیستەمە دیموکراسیەکان و لە رۆژھەڵاتی ناوەراستیش وایە، پرۆسەی دیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگەی حیزبەکانەوەیە و حیزب کاراکتەری پرۆسەی دیموکراسیە، کەواتا پێکھاتەی سیستەمی حوکمڕانی بە حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمەوە حیزبەکان تێیدا بەشدارن و ئەوانەی لە دەرەوەی حوکمڕانیشن وەکو لایەنەکان مافی خۆیانە ناوەناوە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکرێت و ڕاو سەرنجیان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانین ھەموومان ئەم قۆناغە تێپەرێنین".
زیرەک کەمال ڕوونیشی کردەوە: "ئەنجامدانی کۆبوونەوە پێویستی بە زەمینە ڕەخساندن ھەیە و ناکرێت کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە بکرێت، دیارە دۆخی سیاسی لە ھەرێم چۆنە، بۆیە پێویستە زەمینە لە باربێت و کۆبوونەوەکە ئەنجامی ھەبێت، ھاوکات لەسەر ئەو بنەمایە کۆبوونەوە بکرێت و ئێستا کاری بۆ دەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




