٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەقی وتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-3-2022، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی نەوتی کوردستان، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.

مەسروور بارزانی رایگەیاند: بەپێی دەستوور دەبوایە ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی پێک بهێندرێت، بەڵام پێک نەهێنراوە و بە پێویستی زانی هەموو ماددە دەستوورییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

دەقی وتەکانی مەسروور بارزانی:

بەیانیتان باش، زۆر بەخێر بێن

ئەمڕۆ پێویست بوو ئەم كۆنفرانسە رۆژنامەوانییە لەسەر هەندێك بابەت بكەین كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستاندا هەیە. دەمەوێ هەندێك بابەت نیشانی ئێوەی خۆشەویست و خەڵكی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بدەم.

لەوەوە دەست پێدەكەم كە لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٩، ئەو ڕۆژەی كە سوێندی یاساییم خوارد كە بەرگری لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم، بە هەمان شێوە، هەموو بەرپرسانی تریش لە سەرۆكایەتیی هەرێم، لە پەرلەمان، لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرە بەڕێزەكان و ئەندامانی پەرلەمان، هەموویان ئەم سوێندە یاساییەیان خواردوە. ئێستاش دەبینین كە چەندین مافی دەستووریی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشێل كراون و پێشێل دەكرێن، بۆیە ئەركێكی دەستووری و یاسایی ئێمەیە ئەو ئەمانەتەی كە كەوتۆتە سەرشانی ئێمە، پێویستە بەرگری لێ بكەین و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی خۆمان بكەین.

من دەستووری عێراق بە هەرسێ زمانی عەرەبی و كوردی و ئینگلیزیم لەلایە، زۆر بە چڕی هەموو بڕگەكانیم جارێكیتر خوێندۆتەوە، هەر لەسەر ئەمە چەندان بڕگەی جێبەجێ نەكراون یاخود پێشێل كراون.

من بۆ ئەوەی بیرتان بێنمەوە، ناچمە ناو وردەكاریی ماددەكان، بەڵام بۆ بیرهێنانەوە، ماددەی ٤٤ و ٦٥ی دەستوور باسی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەكات، بەڵام تائێستا ئەم ئەنجوومەنە پێكنەهاتووە كە ئەمە یەكێكە لەو خاڵە گرنگە دەستوورییانەی بۆ پاراستنی مافی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی كە وەكوو هەرێم پێك نەهاتوون.

دانەمەزراندنی ئەم ئەنجوومەنە كاریگەری لەسەر زۆربەی ئەو كێشانە هەبووە كە كەوتوونەتە نێوان پارێزگاكان و هەرێمەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی. بۆیە پێویستە، بۆ ئەوەی رێز لە دەستوور بگیرێت، ئەو ماددە دەستوورییانەی هاتوون، هەموویان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێت، وەنەبێت ئەگەر لە بەرژەوەندیی لایەنێك بێت، ماددەیەكی دەستووری جێبەجێ بكرێت، ئەگەریش لە بەرژەوەندیی لایەنێك نەبێت، ئەوا نادیدەی بگرن.

هەروەها لە بابەتی نەوت و غاز كە لەم دواییە بڕیاری ئەو دادگایەی كە بە ناوی دادگای فیدرالی بڕیارێكی دەركردووە، دەمەوێ تۆزێ زیاتر لەسەر ئەمە باس بكەم. ماددەكانی ١١٠ و ١١١ و ١١٢ و ١١٥ هەریەكێك بە شێوەیەك باسی ئەم ماددانە دەكات. لە ماددە ١١٠ باسی هەموو دەسەڵاتەكان، دەسەڵاتی فیدرالین باس دەكات، هەرچی لەو ماددەیەدا نەهاتبێت، كەواتە دەسەڵاتی هەرێمەكان یاخود پارێزگاكانە. ماددەی ١١١ باسی ئەوە دەكات كە نەوت و غازی عێراق هی هەموو خەڵكی عێراقە بە هەموو پارێزگا و هەرێمەكانیشەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی ئەوە ناكات كە نەوت و غاز موڵكی حكوومەتی فیدرالییە، ئەمە بابەتێكی دەستوورییە. لە ماددە ١١٢ دیسان باسی ئەوە دەكات كە چۆن ئیدارەی دۆسیەی نەوت و غاز دەكرێت. لە ماددەی ١١٥ باسی ئەوە دەكرێ كە هەرچی دەسەڵاتی فیدرالی نییە، دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەكان و پارێزگاكان.

جگە لەمانە ماددەی ١٢٢ی دەستوور هەیە كە باسی قەرەبووكردنەوەی خەڵكە تاوانلێكراوەكە دەكات كە ڕژێمی پێشوو دەرهەق بە خەڵكی عێراق كردوویەتی، بێگومان خەڵكی كوردستان زیاتر لە هەموو لایەنێك زیانی بەركەوتووە، لە كیمیاباران و ئەنفال و وێرانكردن و خاپووركردنی گوند و شار و شارۆچكەكان، تاوەكوو ئێستاش ئەم ماددە دەستوورییە نەچۆتە باری جێبەجێكردن و قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان نەكراوەتەوە، ئەو زیانانەش قەرەبوو نەكراونەتەوە كە بەهۆی جینۆسایدی خەڵكی ئێمە كەوتوونەتەوە. ئەمەش پێشێلكردنی ماددەیەكی دەستوورییە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان.

لە ماددەیەكی دیكەدا (٩٢ی دەستوور) باسی دروستكردنی دادگای دەستووری دەكات، من تۆزێك فراوانتر باسی ئەم بابەتە دەكەم. ئەم دادگا دەستوورییەی ئێستا هەیە، لە سەردەمی یاسای حكوومەتی راگوزەر پێكهێندرا پێش نووسینەوەی دەستوور، دوای ئەوە، ئێمە دەستوورمان نووسییەوە و زۆرینەی خەڵكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەنگی بۆ دا، بەڵام هۆكارێكی سەرەكیی ئەوەی خەڵكی كوردستان پەسەندی ئەو دەستوورەی كرد، ئەو مافانەن كە لەم دەستوورەدا هاتووە، مانای ئەوە نییە ئێمە دەستوورێكمان پەسەند كردبێت، ئامادەبین پێشێلی ئەو مافانە بكرێت كە لەم دەستوورەدا هاتووە. بۆیە ئەو دادگایە لەگەڵ ڕێزم، بەڵام دوای دەنگدان لەسەر دەستوور، دەبوایە بەپێی ماددە ٩٢ی دەستووری، ئەو دادگا فیدرالییە دروست بكرێت، ئەمە نەكرا. چونكە لە ماددە ٩٢ نامەوێ بچمە ناو ناوەڕۆكەكەی، بەڵام تەنیا ماددەكە دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی بزانن كە دروستكردنی دادگاكە پێویستە چۆن بێت، دەڵێ: (دادگای فیدرالیی باڵا دەستەیەكی دادوەریی سەربەخۆیە لە ڕووی دارایی و بەڕێوەبردنەوە. دووەم: دادگای فیدرالیی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و پسپۆری فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێكدێت. دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن و كاری دادگاكەیان بە یاسا رێك دەخرێت و بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران).

بەڕێزان نە ئەم یاسایە دەركراوە كە دەبوایە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدەن، نە بەپێی ئەم دەستوورەش رەفتار كراوە. ئەم دادگایە ئەو كاتە دەتوانێت بڕیار لەسەر ماددە دەستوورییەكان بدات كە خۆی بە شێوەیەكی دەستووری پێكهاتبێت. بۆیە ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین، هەوڵی دروستكردنی دادگای فیدرالی بەپێی ڕێكارەكانی دەستوور بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی بێلایەن بڕیار لەسەر ئەو كێشانە بدات كە لە دەستووردا هەن و لەوانەیە ببن بە كێشەی بەینی هەرێمەكان و حكوومەتی فیدرال.

لە هیچ بڕگەیەكی دەستووریدا نەهاتووە بڵێت دادگای فیدرالی كە لە كاتی یاسای حكوومەتی راگوزەر دروست كراوە، دەتوانێت بڕیار لەسەر دەستوور بدات. گریمان دەستوورەكە بەو شێوەیەش بێت، ئەم دادگایە بە شێوەیەكی دەستووریش ڕێك بخرێت، هیچ دادگایەك بۆی نییە ماددەیەكی دەستووری بنووسێتەوە، ڕێكاری گۆڕانكاری لە ماددەكانی دەستووردا، لە خودی دەستووردا دیاریكراوە بە چ شێوەیەكە. كەواتە هیچ دادگایەك شەرعیەتی ئەوەی نییە كە ماددە دەستوورییەكان بگۆڕێت. ئەم بڕیارەی ئەمجارە دادگای فیدرالی داویەتی، دژی هەموو بنچینەییەكانی ماددە دەستوورییەكان و ماددەكانی ١١٠ و ١١١ و ١١٢ و ١١٥یە، هیچ دادگایەك ناتوانێت گۆڕانكاری لەم ماددانە بكات، كەچی هاتووە بڕیارێكی پێچەوانەی دەستووری دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان داوە، ئەمەش گۆڕانكارییە لە دەستوور و سەندنەوەی ئەو مافەیە لە خەڵكی كوردستان كە چۆن ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بدات.

لەبەر ئەوە، ئێمە باسمان كردووە كە ئەم بڕیارە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دراوە، لەوانەیە هۆكاری سیاسی لەپشت بووبێت، هەم لە دەستنیشانكردنی كاتەكە و هەم لە چۆنیەتیی دەرچواندنی بڕیارەكە، بڕیارێكی سیاسییە و بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقدا نییە.

ئێمە داوامان كرد لە حكوومەتی فیدرالی كە كاتمان پێبدەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین تاوەكوو بگەینە ئەنجامێك لەسەر بنەماكانی دەستوور بۆ چارەسەركردنی  ئەم كێشانەی كە هەن، بەڵام بەداخەوە ئەم دەرفەتەیان پێ نەداین و بڕیارێكی تاكلایەنە درا، بڕیارەكەش بێلایەن نەبوو، بەهیچ شێوەیەك ناگونجێت لەگەڵ ڕۆح و ئەو بنەما دەستوورییانەی هاتوون.

پشتیان بە یاسایەك بەستووە كە یاسای ١٩٧٦ە لە سەردەمی رژێمی پێشووتر و پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەركراوە، ئەم یاسایە بۆ حكوومەتێكی مەركەزی نووسراوە نەك بۆ حكوومەتێكی فیدرالی. بۆچی هەرچی یاسایەكە رەتكراوەتەوە تەنیا دوو یاسا نەبێت، یەكەمیان ئەو یاسایەی پەیوەستە بە بابەتی تەعریب و ناوچە دابڕێندراوەكان، یاسای نەوت و غازیش كە هەردووكی لە بەرژەوەندیی حكوومەتی مەركەزییە و بەهیچ شێوەیەك رەنگدانەوەی حكوومەتی فیدرالی تێدا نییە!

ئێمە دەستوورمان هەیە، دەبوایە هەرچی بڕیارێك بدرێت، پشت بە ماددەیەكی دەستوور ببەسترێت، بۆیە قەبوڵنەكردنی ئەم بڕیارە، ئێمە پشت بە دەستوور دەبەستین، بەپێی ئەم دەستوورە هەڵوێستمان وەرگرتووە.

دواتر دەمەوێ خاڵێكیتریش باس بكەم، لە ساڵی ٢٠٠٧ هەوڵێكی زۆر درا بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غازی حكوومەتی فیدرالی، تاڕادەیەك یاسایەكە هەمووی ئامادە كرا و رەشنووسەكەی ئامادەكرا بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دیسان دەسەڵاتی ئەوكاتی حكوومەتی فیدرالی، قەبوڵی نەكرد یاساكە دەربچێت، پێیانوابوو كە ئێمە دەتوانین بەردەوام بین و بەهیچ شێوەیەك ئەو مافە دەستوورییەی لە دەستووردا بۆ پارێزگا و هەرێمەكان هاتووە، قەبوڵیان نەكرد.

ئێمە ئێستاش داكۆكی لەوە دەكەین كە پێویستە یاسای نەوت و غاز لە بەغداوە دەربچێت و هەموومان بەپێی ئەو پابەندییەی دەستوور دەیخاتە سەر شانی ئێمە، رەفتار بكەین و ئامادەشین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك حكوومەتی فیدرالی ئەمەی نەكردووە، خەتای ئێمە نییە.

دوای ئەمە چەندین گفتوگۆ كراوە و ڕێككەوتنیش كراوە لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا - هەولێر، كە ئەگەر لە كاتی خۆیدا یاسای نەوت و غاز دەرنەچێت، هەر لایەنێك دەتوانێت بەردەوام بێت و ئەو یاسایانەی بەركارن، كاریان پێ بكات، لە هەرێمی كوردستان یاسایەكمان لە پەرلەمانی كوردستان دەركرد و ئەو یاسایە بوو بە بنەما بۆ ئەوەی هەرچی دۆسیەی نەوت و غازە بەپێی ئەم یاسایە رەفتاری لەگەڵ بكرێت، بۆیە هەموو مامەڵەی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئەم یاسایەیە و بە رێككەوتنیش دەركراوە. بۆیە ناكرێت ئێستا لەبەر هۆكارێكی سیاسی، هەموو ئەو شتانە نادیدە بگیرێت و پشت بە یاسای ١٩٧٦ ببەسترێت و بگوترێ ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا كراوە هەمووی نایاساییە، بە چ پێوەرێك؟ تەنیا لەبەر ئەوەی دادگایەك ئەم بڕیارەی داوە كە ئەم دادگایەش بەپێی رێكارەكانی دەستوور پێكنەهاتووە، كەواتە خۆی دادگایەكی نادەستوورییە، چۆن بڕیار لەسەر شتێكی دەستووری دەدات؟ زیاتر لەمەش ماددەی دەستووریش بگۆڕێت؟

دوای ئەوە، ئێمە چەندین گفتوگۆمان كرد و نیەتی هەرێمی كوردستانمان زۆر بە روونی بە حكوومەتی عێراق گەیاند، بەوەی ئامادەین گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی بگەین بە رێگەچارەیەكی دەستووری بۆ ئەم دۆسیەیە، چەندین شاند لە هەرێمی كوردستانەوە چوون بۆ بەغدا، هەندێكجار میوانداریی ئەوانمان دەكرد و دەهاتنە هەرێمی كوردستان، هەرچی ژمارە و داتای پێویستە خراونەتە ڕوو كە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان چین و مافی هەرێمی كوردستان چییە؟ ئەركەكانی هەرێم و فیدرال چییە؟ بەراوردی هەمووی كراوە، لە قەرزەكانی كە كەوتوونەتە سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو رەفتارە نادادپەروەرانەی كە حكوومەتی فیدرالی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كردی، ئامادە بووین بێین لەسەر هەموو ئەو خاڵانە رێك بكەوین، لە ئەنجامدا یاسای بودجەی ٢٠٢١ دەرچوو، بەپێی ئەو یاسایە دەبوایە حكوومەتی عێراق شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرێت، دوای مەقاسەكردنی داهاتەكانی هەرێم لەگەڵ فیدرالی و بزانن چەندی بەر كام لا دەكەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن، لەسەر ئەمەش چەندین بەڵگە و داتامان خستۆتە ڕوو، چاودێریی دارایی فیدرالی هاتۆتە هەرێم، چاودێریی دارایی ئێمە چۆتە بەغدا و چەندین گفتوگۆیان كردووە،  بەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان چەندە و داهاتی فیدرالی چەندە و ئیلتزامەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە حكوومەتی فیدرالی چەندە و ئیلتزاماتی حكوومەتی فیدرالیش بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان چەندە، هەموو ئەم شتانەمان لەگەڵ یەكتر بەراورد كردووە، دوای ئەوە خۆیان بڕیاریان دا بەپێی یاسا مانگانە شایستەكانی هەرێمی كوردستان بنێرن. بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، خۆیان دانیان بەوەدا ناوە و داوایان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە پێویستە ڕۆژانە كەمتر نەبێت لە ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت ده‌ربهێندرێت و دوای ئەوەش كە نەوتەكە دەفرۆشن، سەرەتا باسی ٢٥٠ هەزار بەرمیلیان دەكرد بدرێتەوە بە حكوومەتی فیدرالی، دواتر گوتیان دەمانەوێ ئەقیامی ٢٥٠ هەزار بەرمیلەكەمان بۆ بنێرن، ئێمەش ئامادە بووین و پابەندیش بووین پێیەوە.

بابەتی دانەوەی ئەقیامی ٢٥٠ هەزار بەرمیلەكە بەم شێوەیە بووە، هەرچی داهاتی هەرێمە بەپێی ئەو نرخەی كە سۆمۆ دایناوە، نرخی چەند بووە، لێمان ببڕن، داهاتەكانی دیكەی نانەوتی كە پابەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر بە حكوومەتی فیدرالی، لێمان ببڕن، باقیەكەمان بۆ بنێرن، لە ئەنجامدا ئەوان هاتن هەرچەندە كەمترە لە مافی خەڵكی ئێمەش، بەڵام ڕێككەوتین كە مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار كە دەكاتە كەمتر لە ١٣٧ ملیۆن دۆلار، بنێرن.

بەڵام بەڕێزان، لە ٢٦ مانگی رابردوو تەنیا ١٢ مانگ ئەو پارەیەیان بۆ ئێمە ناردووە، ١٤ مانگ بەغدا ئەم مافەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، ئەمە هەمووی داتایە.

لە ٢٠٢٢ وا لە مانگی سێ داین، یەك مانگیش حكوومەتی فیدرالی شایستەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی نەناردووە. ئینجا دێن دەڵێن بە حیساب هەرێمی كوردستان ئیلتزامی نەكردووە، لە كوێ نەمانكردووە؟ هەرچی داهاتمان هەیە دیارە و لای ئێوەیە، ئەمەتان بڕیوە و هاتوون گوتووتانە تەنیا ٢٠٠ ملیار (كە كەمتریش بووە لە مافی خەڵكی كوردستان) دەنێرین.

ئێمە سواڵكەر نین هەموو مانگێك بچین لە دەرگای بەغدا بدەین، ئەگەر خەڵكی ئەم وڵاتەین، مافێكی دەستووری و یاساییمان هەیە و حكوومەتی فیدرالی پێویستە مافی ئەو خەڵكە بداتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی مافەكانمان كراوە و نەدراوە، دێن هەندێكجار هەواڵی ناڕاست لە شەقامەكانی عەرەبی - عێراقی بڵاو دەكەنەوە بە حیساب هەرێمی كوردستان مافی خەڵكیتر دەخوات. بەڕێزان ئەمە راست نییە، جارێكیتریش دەڵێمەوە هەرێمی كوردستان تەنیا سوودمەند بووە لە ٥٪ی داهاتی گشتیی عێراق ئەو كاتەی پارەمان بۆ دەهات، ٩٥٪ی داهاتی عێراق لای حكوومەتی فیدرالی بووە، چیان لێكردووە؟ كوا نەخۆشخانەكان و قوتابخانەكان و شەقامەكان و پرۆژەكان و ئەو خزمەتگوزارییەی كە خەڵكی عێراق شایستەن پێیانبگات و تا ئێستا پێیان نەگەیشتووە؟ بۆچی خەڵكی كوردستان تاوانبار بكرێن بەوەی كە ئیدارەیەكی سەركەوتووتری هەبووە و بەو ڕێژە كەمەی لەبەر دەستی بووە، توانیویەتی شتێك لێرە دروست بكات. من ناڵێم كەموكوڕیمان نییە، بەڵام لەم كابینەیە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی چاكسازی بكەین و كردووشمانە، لە هەموو سێكتەرەكاندا ئەمەمان كردووە، بەڵام بەداخەوە وەكوو پێویست یان حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت لەو خاڵانەی چاكسازی تێدا كردووە، یانیش زۆر كەس بە مەرامی سیاسی ویستبێتیان تەنیا بابەتە نەرێنییەكان بخەنە ڕوو و هەرچی شتی چاكەیە و بیشاردنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار